کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٥٠%ی خەڵکی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدان

14:20 - 9 خەزەڵوەر 2718

کوردستان میدیا: کارناسێکی کاروباری ئابووریی ئێران، جێگری وەزیری کاروکاروباری کۆمەڵایەتی وەدرۆ خستەوە کە وتبووی ١٨ تا ٣٥%ی خەڵکی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدان.

ئەحمەد میدری جێگری وەزیری کار لە کابینەی حەسەن ڕوحانی باسی لەوە کردبوو کە تەنیا ١٨ تا ٣٥%ی حەشیمەتی ئێران هەژارن بەڵام وەحید شەقاقی کارناس و پسپۆڕی کاروباری ئابووریی ئێران وێڕای وەدرۆخستنەوەی ناوبراو ڕایگەیاندووە لانیکەم ٥٠%ی خەڵکی ئێران لەژێر هێڵی هەژاریدان.

بەوتەی شەقاقی ڕەوتی چوونەسەری نرخی هەڵاوسان بووەتە هۆی چوونەسەری ڕێژەی حەشیمەتی ژێر هێڵی هەژاری و وەزارەتی کار ئامادە نییە "پێناسەیەکی ورد" لە هێڵی هەژار بدات بە دەستەوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وەحید شەقاقی دەڵێ: لەحاڵێکدا کە جێگری وەزیری کار، ئاستی هێڵی هەژاری ڕێژەیی بە ٧٠٠ هەزار تمەن ڕاگەیاندووە دەبێ بڵێم، تێچووی ژیان لە ئێراندا زیاتر لە ٣ میلیۆن و ٧٠٠ هەزار تمەنە کە تەنیا دەتوانێ لانیکەمەکانی ژیان دابین بکات.

ئەوەیکە ڕوونە لە چەند مانگی ڕابردوودا تێچووی ژیان لە ئێران بەرێژەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە و نرخی هەندێک لە پێداویستییەکان لە نێوان ٥٠ بۆ ١٠٠% زیاد بوون کە ئەم مەسەلەش سنوورێکی بۆ هێڵی هەژاری ڕێژەیی و هێڵی هەژاری ڕەها نەهێشتۆتەوە و هەر ئەم مەسەلەش گوشارەکانی بۆسەر بنەماڵە کەمداهاتەکان چەند قات زیاتر کردووە.

هەر لەمبارەوە عەلی خۆدایی ئەندامی شۆرای بەرزی کار وتوویەتی: کرێکاران بۆ دابینکردنی بژیوی ژیانیان ناچارن بەشێوەی ٣ شیفت یان چەندپیشەیی کار بکەن؛ بەوتەی ناوبراو داهاتی مانگانەی ٨٠%ی کرێکارانی ئێران کەمتر لە ١ میلیۆن و٤٠٠ هەزار تمەن و ٩٠% کەمتر لە ٣ میلیۆن تمەنە.

لە هەوڵێکی فریودەرانەشدا لێژنەی وەزیرانی دەوڵەتی ڕوحانی، بە پێشنیاری هاوبەشی وەزارەتخانەکانی تەعاون، کار و خۆش بژیوی کۆمەڵایەتی و ڕێکخراوی بەرنامە و بوودجە لە ڕێکەوتی ٢ی خەزەڵوەری ١٣٩٧ی هەتاویدا، گەڵاڵەیەکیان سەبارەت بە پشتیوانی خۆراکی لە توێژە کەم داهاتەکانی کۆمەڵگا پەسەند کرد.

ئەو توێژانەی کە لە لایەن وەزارەتخانەکانی ڕێژیمەوە لە نێو ئەم گەڵاڵەیەدا گونجاون بریتین لەو بنەماڵانەی کە لە لایەن کۆمیتەی ئێمدادەوە پشتیوانییان لێدەکرێت، ئەو بنەماڵانەی کە لە لایەن بونیادی شەهیدی ڕێژیم و کاروباری ئیسارگەرانەوە پشتیوانی دەکرێن، هەروەها ئەو بنەماڵانەی کە داهاتی مانگانەیان لە ژێر ٣ میلیۆن تمەندا بێت.

ئەوەی کە لە چوارچێوەی ئەم گەڵاڵەیەدا گرینگی پێدراوە، بنەماڵەکانی بەستراوە بە خودی ڕێژیمی ئێرانن، چونکە بنەماڵە کەم داهاتەکانی کۆمەڵگا بە مەرجێک ئەبنە خاوەنی ئەو یارمەتییانە کە پێشتر لە لایەن کۆمیتەی ئێمداد و ڕێکخراوی بێهزیستییەوە دان بە هەژاریاندا نرابێت.

ئەم بنەماڵانە ئەوانەن کە بە کارگەلێکی لە چەشنی کرێکاریی بیناسازی، فەرشچنین، کاروباری دەستیی و شۆفێرییەوە خەریکن و گوندنشینەکان و هەروەها کۆمەڵێک لە توێژەکانی دیکەی کۆمەڵگاش لەم نێوانەدا جێ دەگرن.

پاش گەمارۆکانی ئامریکا بۆ سەر ئێران، توێژی هەژاری کۆمەڵگا زۆرتر لەوانی دیکە تووشی کێشەی ئابووری بوونە، ڕێژیمی ئێرانیش بە پەسەندکردنی ئەم جۆرە گەڵاڵانە گوایە ئەیەوێت دۆخی ژیانی ئەوان باش بکات کەچی لە هەموو گەڵاڵە پێشنیارکراوەکاندا، ئەو توێژە زۆرتر دەکەونە ژێر ستەمەوە و چینی ساماندار و بەستراوە بە ڕێژیمیش بەرەو دۆخێکی باشتر دەڕۆن.