کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢ی رێبەندان ئەزموونێک بۆ هەمیشە (رەحیم رەشیدی)

15:06 - 3 رێبەندان 2712

رەحیم رەشیدی
ئاشکرایە، ٢ی رێبەندان لە مێژووی دوور و نزیکی پڕ لە خەباتی خەڵکی کوردستاندا، بۆ دەستەبەر کردنی ئازادی‌، دێمۆکراسی و مافی نەتەوایەتی، هەمیشە جێگا و شوێنێکی بەرز و تایبەتی هەیە.
کۆماری کوردستان لە هەلومەرجێکی مێژوویی ئەوتۆدا پێکهات، فاشیزم لە شەڕی دووهەمی جیهانیدا تێکشکێندرا بوو، هێزی هاوپەیمانان و لەشکری سوور لە باکوور، باشوورەوە بە بێ هیچ چەشنە بەربەرەکانەیەک، بەشێکی بەرچاو لە خاکی ئێرانیان داگیر کرد بوو. ئەوە لە حاڵێکدا بوو رێژیمی پاشایەتی، ئەو کات بە هەموو تواناوە هەر دەنگێکی ئازادیخوازانەی گەلانی ئێرانی بە توندترین شێوە سەرکوت دەکرد، لە راستیدا خۆی وەکوو هێزێکی پۆڵاین و لە شکان نەهاتوو بە جەماوەری ناڕازی نیشان دەدا. دامەزراندنی کۆماری کوردستان لەلایەن حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانەوە، بە پێشەوایەتی قازی موحەممەد و پشتیوانیی هەمە لایەنەی گەلی کورد، لە حاڵێکدا بوو تەڤگەری رزگاریخوازانەی خەڵکی کورد لە بێ ئاسۆیی‌دا بوو، حکوومەتی زۆرداری تورکیە بە رێبەرایەتی ئەتا تورک بزووتنەوەی کوردی لە تورکیە تاکوو رادەیەکی بەرچاو سەرکوت کردبوو، دۆخی تواندنەوە و سڕینەوەی ناسنامەی کورد لەو وڵاتە بە چڕی لە ئارادا بوو، تەنانەت کار گەیشتبووە جێگایەک بە پانەوە حاشا لە بوونی نەتەوەی کوردمان لەو بەشەی کوردستان دەکرا. حکوومەتی سەرەڕۆی پەهلەوەی، بە لاسایی کردنەوەی کوێر کوێرانە لە دەسەڵاتدارانی تورکیە، هەوڵی خۆ پڕچەک کردنی دەدا، هەر لە درێژەی ئەو لاسایی کردنەوەدا، بە شێوەیەکی سیستەماتیک زمان، کولتوور و کەلەپووری کوردیان دایە بەر سیاسەتی تواندنەوە و هەر دەنگێکی ناڕازیان بە توندترین شێوە سەرکوت دەکرد. روون و بەرچاوە لە هەلومەرجی ئەو کاتدا وەزعی هەمەلایەنەی کوردەکان لە سووریە و عێراق لە بارودۆخی نالەباری ژیانی پڕ لە چەرمەسەریی کوردەکان لە ئێران و تورکیە باشتر نەبوو.‌ بڕیاری دامەزراندنی کۆماری کوردستان لە ساڵی ١٣٢٤ی هەتاویدا، خوێندنەوەیەکی بەرچاو روونانە و ژیرانە، هەوڵێکی ئازایانە و چاو نەترسانە و قۆستنەوەی دەرفەتی نێوخۆیی‌، نێوچەیی و نێونەتەویی بۆ وڵامدانەوە بەو‌ بەستەڵەکە پڕ لە مەترسییە بوو کە نەیارانی کورد بە زەبری چەک‌، سەرکوت و سێدارە بۆ توونا کردنی نەتەوەی کورد هەوڵی زاڵ کردنیان دەدا. دامەزراندنی کۆماری کوردستان لەو سەردەمە پڕ لە بێ هیوایی و تاریکی و تنووکییەدا، مانای ئەوە بوو بزووتنەوەی مافخوازانەی بێ پشتیوانی کورد، گیانی بە ‌بەردا کرایەوە، کورد لە ‌باری دەروونی و رەوانییەوە ورەی وەبەر هاتەوە، زمان، شانۆ، خوێندن، گۆڤار و رۆژنامە، بنکە و بونیادە پیشەیی و دێمۆکراتیکەکان، گەشەیان سەند و دامەزران، تیشکی بەتین و تاوی ئەم هەنگاوەی رێبەرانی کۆماری کوردستان بۆ هەموو سەردەمەکان وەکوو ئەستێرەی پرشنگدار هەمیشە دەبریسکێتەوە و ئێمە وەکوو ئەزموونێکی سەرکەوتوو بۆ هەتاهەتایە پێوەی سەربەرزین. بەشێکی زۆر لە گە‌ورە ئەدیب‌، نووسەر، زمانەوان، رێبەرە سیاسییە ناودارەکانی کوردستان، ئەوانە بوون لە کۆماردا بەشدار بوون، بیری نە‌تەوەخوازیی خۆیان لە کۆماری کوردستان؛ وەرگرت و هەر لەژێر کاریگەگەریی وانە بە نرخەکانی مرۆڤ دۆستی و دێمۆکراسیخوازیی کۆماردا بوو کە پاشتر بە تێکۆشانی بەرچاویان بۆ خزمەت بە کورد و کوردستان بوونە جێگای شانازی نیشتمانپەروەران و یاد و ناویان لە مێژوودا بە بەرزی و بەڕێزی ماوەتەوە و دەمێنێتەوە. پاش دامەزراندنی کۆمار، بۆ یەکەم جار رێکخراوەکانی تایبەت بە لاوان ‌و ژنان دامەزران، زمانی کوردی بوو بە زمانی فەرمیی نێوچەکانی ژێر دەسەڵاتی کۆماری کوردستان، لاوان بە مەبەستی خوێندن بۆ دەرەوە بەڕێ کران و لە هەنگاوێکی داهێنەرانەی پێشکەوتوودا لە لووتکەی بەرزی دەسەڵاتی سیاسیی و بەرێوەبەرایەتیی کۆمارادا، بە متمانەوە ئەرکدار کران و بەرپرسایەتیی شایان و شیاویان پێ سپێردرا. سەرەڕای ئەوەی کورد بە شێوەیەکی ئەوتۆ ئەزموونی دەوڵەتداریی نەبوو، بەڵام لە ماوەی ١١ مانگ دەسەڵاتداریەتیی کۆماردا، زۆر پێشکەوتنی دێموکراتیک و نەتەوەیی وەدی هاتن. دابین کردنی مافی نەتەوایەتی بۆ کوردەکان لەژێر سێبەری دەسەڵاتی کۆماری کوردستاندا، قەت نەبووە هۆکاری بەرتەسک بوونەوەی دێمۆکراسی و پێشێل کردنی مافی خەڵکانی کوردستانی غەیرە کورد لە کوردستاندا، ئەمەش ئاکامی سیاسەت و روانگەی دروستی رێبەرایەتیی کۆماری کوردستان بوو، یەکێک لەو خاڵانەیە کوردەکان زۆری پێوە سەربەرزن، ئەم بەستێنە مرۆڤ تەوەرانەیە کە سیاسەتمەدارانی کۆماری کوردستان لەو سەردەمەدا پێکیان هێنا، لە حاڵێکدا بوو کە ئورووپای ئەمڕۆ لەو قۆناغە مێژوویی‌یەدا لەژێر گڕی ئاگری شەڕی فاشیزم و نازیزمدا دەیناڵاند، زیان و ئازاری دەدیت و دەچێشت. بەڵام پێوەندیی کوردەکان لەگەڵ دراوسێکانیان بۆ وێنە ئازەرییەکان بەرێبەری پێشەوەری فیرقەی دێمۆکراتی ئازەربایجانیان پێکهێنا بوو، لەژێر رێبەری پێشەوای حیزبی دێمۆکراتی کوردستان‌، سەرۆک کۆماری ئەوەڵین دەسەڵاتی مودێڕنی کورد، هاوپەیمانەتییەکی دۆستانە لەسەر بنەمای رێزگرتنی دوو لاینە هاتە ئاراوە، کە بۆ پێکەوە ژیانی ئەم دوو گەلە هاوچارەنووسە، دەکرێت بۆ سەرجەم قوناغە نزیک و دوورەکان کەریگەر و پڕ بایەخ بێت. ناکرێ باسی کۆماری کوردستان بکەین‌، بەڵام ئاوڕێک لە ڕۆلی دلێرانە و ئازایانەی کوردەکانی کوردستانی عێراق بە رێبەرایەتی مەلا مستەفا بارزانی نەدەینەوە. رۆڵێک کە وەکوو هاوپێوەندیی نەتەوەیی، جێگای شانازی‌ کوردانی نیشتمانپەروەرە، هەموو کات بۆ لێ فێر بوون دەشێ. بارزا‌‌نییەکان بۆ پاراستنی کۆمار و دەستکەوتەکانی لە هیچ چەشنە فیداکارییەک خۆیان نەپاراست. بەحەق رێبەرایەتیی کۆماریش حیسابی خانەخوێی بۆ کردن‌، ئەوان لە بەڕێوەبەریی کۆماردا بە گوێرەی لێ‌وەشاوەیی خۆیان بەشدار بوون. حوزووری ئەفسەرە کوردە‌ نیشتمانپەروەرەکانی ئەو کاتی سوپای عێراق‌، نوێنەرایەتی پارچەکانی دیکەی کوردستان لە کاتی راگەیاندنی کۆمار لە مەهاباد، مانای یەکیەتیی نەتەوەیی دەسەلماند، نیشاندەری ئەو راستییەشە، کۆماری کوردستان نوێنەگەی ئاوات و خواستەکانی بزووتنەوەی کورد و خەڵکی ئازادیخوازی کوردستان بووە، هاوکات درز دان بوو بە دیواری بێ هیوایی‌، شەکانەوەی ئاڵای کوردستان ئەو مانای دەبەخشی و دەبەخشێ، کەلە دژوارترین هەلومەرجەکاندا دەکرێ بە یەکیەتیی و پێکەوە بوون دڕ بە شەوە زەنگی ئەنگوستە چاو بدرێ. ئێمە لە حالێکدا یادی ساڵوەگەڕی رووداوی مێژوویی ٢ی رێبەندان‌ دەکەینەوە، رۆلە وڵاتپارێزەکانی کورد لە هەموو جێگایەک، بۆ وەدیهێنانەوەی ئاوات و ئامانجەکانی کۆماری کوردستان تێ دەکۆشن. لە دەرەوەی وڵات بەگشتی، لە رۆژهەڵاتی کوردستان بەتایبەتی، ئەویندارانی رێبازی کۆماری کوردستان، سەرەڕای هەبوونی هێزە سەرکوتکەرەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران لە کوردستان، خەڵکی کورد لە ئیلام و کرماشانەوە بگرە، هەتاکوو سەڵماس و ماکۆ، لە ‌ژێر سێبەری سەرە ‌نێزە و تفەنگدا یادی دووی رێبەندان و پێشەوا و کۆمار بەرز رادەگرن، بەم چەشە ئۆگریی خۆیان بە ئامانجە بەرزەکانی کۆمار و ئەمەگناسیی خۆیان بۆ خەباتگێرانی بزوتنەوەی میللی ــ دێموکراتیکی کوردستان دووپات دەکەنەوە. دەیان کە‌س لە ئەویندارانی رێگای پێشەوا و کۆمار، رۆژی ٢ی رێبەندان لە شاری مەهابادی خۆشەویست، پێتەختی مێژوویی کۆماری کوردستان، لانیکەم بە دڵ دەچنە سەر گڵگۆی پێشەوای نەمر و شەهیدانی کوردستان، پەیمانی وەفاداری لەگەڵ رێبازە پڕ لە سەروەرییەکەیان نوێ دەکەنەوە. ئە‌م هەستە پیرۆزەیە سەرتاپای ئێران بەگشتی، کوردستانی ئێرانی بەتایبەتی کردۆتە مەیدانێکی پان و بەرینی تێکۆشانی شێلگیرانە، دژی کۆماری ئیسلامی ئێرا‌ن و نەیارانی نەتەوەی کورد. جێگای سەر‌نجە، لەم رۆژانەدا زۆربەی لاوان لە چالاکی دژی رێژیمدا بە ‌‌شێوەیەکی بەرچاو بەشدارن، ئەو لاوانەی پاش هاتنە سەرکاری دەسەڵاتی ئاخووندەکان لە ئێراندا، لە دایک بوون؛ ئەوانەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە ماوەی تەمەنی تژی لە نەگبەتی خۆیدا، لە ژێر بۆمبارانی فیکری و ئیسلامی تایبەت بەخۆی پەروەردەی کردوون، بە ئاشکرا دەبینین لەگەڵ پێوانە و باوەڕەکانی ئەم سیستەم و دەسەڵاتە بەتەواوەتی ناتەبان، کچان و کوڕانێک کە زۆرینەی حەشیمەتی ئێران پێک دێنن کە لە هەموو ئازادییە‌ک بێ بەشن، کە وایە حکوومەتی ئیسلامی لەم بەستێنە چارەنووس‌سازەدا بە تەواوی رەنج بە خەسارە. لە ساڵوەگەڕی دووی رێبەندان، بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە، لە دامەزراندنی پارڵمان و دەسەڵاتی حکوومەتی خەڵکی هەرێمی کوردستان دەڕوانین و سەربەرزین کە لانیکەم بەشێک لە خەڵکی نیشتمانەکەمان ئەمڕۆ لەژێر ئاڵای کوردستاندا بە بڕێک لە ماف و ئازادییە رەواکانی گەیشتووە، کە بێ‌گومان ئەم دەسکەوتانە هەر لە رێڕەوی ئامانجەکانی کۆماری کوردستاندا شرۆڤە دەکرێن. تیشک تی‌ڤی بە چاوێکی وەفادارانە ئاوڕ لەم بڕگە پڕ شکۆییەی خەباتی خەڵکی کوردستان بۆ دەستەبەر کردنی ئازادی و دیاری کردنی مافی چارەنووس دەداتەوە، ئەمەگناسانە بۆ تێکۆشانی پێشمەرگەکانی رێگای کۆماری کوردستان‌، وەدیهێنەرانی خواستە‌ بەرزەکانی ئەو کۆمارە خەڵکییە دەڕوانێ، تێکۆشانی خۆی بە بەرهەمی هەوڵ و خەباتی ماندوویی نەناسانەی ئەوان دەزانێ.