کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

١ی دێسامبر، ڕۆژی جیهانیی ئایدز

12:25 - 10 سەرماوەز 2719

کوردستان میدیا: یەکی دێسامبر بەرابەر لەگەڵ ١٠ی سەرماوەز، ڕۆژی جیهانیی ئایدزه. لەو ڕۆژەدا خەڵک ڕۆبانی سوور لە جلوبەرگەکانیان دەدەن و لە جیهاندا چالاکیی جۆراجۆر بەڕێوە دەچێت.

دروشمی ڕۆژی جیهانیی ئایدز لە ساڵی ٢٠١١ هەتا ٢٠١٥ گەیشتن بە سفر بووە و لە ئێرانیشدا لەو ڕۆژەدا بۆ پێشگرتن لەو نەخۆشییە کاری تایبەت دەکرێت.

بەپێی ئامارەکانی خودی ڕێژیمی ئێران ڕێژەی تووشبووان بەو نەخۆشییە هەتا کۆتایی ساڵی ٩٦ی هەتاوی ٣٦ هەزار و ٥٧١ کەس بووە. لەو ڕێژەیە ٨ هەزار و ٣١١ کەس مردوون.

٨٤ لەسەدی تووشبووان لە ئێراندا پیاون و ١٦ لەسەدیان ژنن.

بەپێی دوایین ئامارەکانی خودی ڕێژیمی ئێران لە ئێستادا ٤٠ هەزار و ٥٧٣ کەس نەخۆشیی ئایدزیان هەیە.

٦٠ لەسەدی تووشبووان بە نەخۆشیی ئایدز لە ڕێگای تەزریقەوە بووه و ٢٢ لەسەدیش لە ڕێگای پێوەندیی جینسییەوە بووە.

ڕێژەی تەمەنی کەسانی تووشبوو بە ئایدز، ٢٠ هەتا ٣٥ ساڵە. ئەو ئامارانەی ڕێژیم بڵاوی دەکاتەوە دوورە لە ڕاستی، چونکە ڕێژیم خۆی ئیزن نادات ئاماری ڕاست لە هیچ بوارێکدا بڵاو بکرێتەوە.

لە ئێراندا نەخۆشیی ئایدز وەک نەخۆشییەکی نامۆ چاوی لێدەکرێت و تووشبووان بە چاوێکی مەترسیدارەوە سەیریان دەکرێت.

وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیم بە شێوەی پێویست دژی نەخۆشیی ئایدز کار ناکات.

ئەمساڵ لە گوندی چنار مەحموودی لوردگان سەر بە پارێزگای چوار مەحاڵ و بەختیاری، ٢٠٠ کەس بەهۆی کەمتەرخەمیی پزیشکییەوە تووشی نەخۆشیی ئایدز بوون.

دروشمی ئەمساڵ بۆ ئایدز، ئەمەیە: "ئاگایی و پێشگیری، تاقیکاری و دەرمانی ئێچ ئای ڤی، هەموومان لە کەشتییەکدا دانیشتووین".

ڕێژەی تووشبووان بە ئایدز ڕوون نییە و ڕێژیم ئاماری ڕاست بڵاو ناکاتەوە.

بۆ یەکەم جار لە ئێراندا ساڵی ٦٦ نەخۆشیی ئایدز تۆمار کرا. ئەو نەخۆشییە لە منداڵێکی تەمەن ٦ ساڵ کە نەخۆشیی هێمۆفیلی هەبووە تۆمار کراوە. ئەو منداڵە لە ڕێگای خوێنێک کە لە فەرانسەوە هاوردە کرابوو، تووشی ئەو نەخۆشییە بوو.