ژیار کۆساڵان
مێژووی خەباتی ژنان قۆناغگەلێکی زۆری بڕیوە تا ئەوەی هەموو ژنانی جیهان بتوانن خۆیان لەنێو گێرانەوەی گەورەی (کلان روایت) ڕەوتی فمنیسمی ڕۆژاوایی دەرباز بکەن. بە ئاوڕدانەوەیەکی خێرا بەسەر ڕەوتی خەباتی ژنان، دەتوانین بە ٣ قۆناغ پۆلێنبەندی بکەین. ڕەوتی یەکەم یاسای وەکوو کۆسپی سەر ڕێگای ژنان دەبینی و هەوڵی چارەسەری کەلێنە یاساییەکانی لەوانە مافی دەنگدانی دەدا. دالی ناوەندی لەم ڕەوتە هەوڵ و تێکۆشان بۆ ڕیفۆرمی یاسایی بوو بێ ئەوەی کە باسی ژیان و بارودۆخی ژنان بکات.
ڕەوتی دووهەم هەنگاوی گەورەتری هاویشت و کۆسپە سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتووری و ئابوورییەکانی کردە سووژەی خوێندنەوەی خۆی. ئەم ڕەوتە ئەگەرچی هەنگاوی گەورەی هەڵگرت بۆ چارەسەریی کێشەی ژنان بەڵام بە هۆکاری ئەوە کە سووژەی خوێندنەوەکانیان ژنانی سپی پێست بوو خۆی بوو بە هۆکار بۆ پەراوێزخستن و دووبارە بەرهەمهێنانەوەی ناعداڵەتی لەنێو ژنان.
ڕەوتی سێهەم کە لەژێر کاریگەریی بیرمەندانی پۆست مۆدێڕن بیچمی گرت، لە ڕێگای کولتوورەوە دیسکۆرسی زاڵی پیاوسالارەیان وەبەر ڕەخنە دا و خۆیان (وەک تیۆری) لەژێر کاریگەریی مارکسیسم درباز کرد. ئەوان فمنیستەکانی ڕەوتی دووهەمیان لە بەر ئەوەی پێکهاتە زمانی و ناوشیارەکانی مرۆڤیان لە بەرچاو نەگرتبوو ڕەت کردەوە. ڕەخنەیەکی هەرەگرینگی ئەم فمنیستانە لە ڕەوتی دووهەم دالەنگاندنی (تقلیل) خواستەکانی ژنان بە تێکۆشانی چینایەتی بوو کە لە ڕەوتی دووهەم پەیڕەو دەکرا. ڕەوتی سێهەم پێیان وایە دەبێ لە زمانی ژنانە، زێهنیەتی ژنانە و تایبەتمەندیی فیزیۆلۆژیکی ژنانە جەخت بکەینەوە. دەسکەوتێکی گرینگی ئەم ڕەوتە شکاندنی تابۆی خۆشکایەتیی یۆنیفرساڵ بوو کە لە هەناوی خەباتی ژنانی سپی پێست سەری هەڵدابوو. لەو کاتە بە دواوە لە پەنای جێندەر، نەتەوە، ئایین و... لە خوێندنەوە فمنیستیتەکان گرینگی پێدرا.
بەم بەرچاو ڕوونییە گەلۆ خەباتی ژنانی کورد لە کوێی ئەو ڕەوتانە خۆی بینیوەتەوە؟
ژنانی کورد ئەگەرچی لە کۆماری کۆردستان لە ساڵەکانی ١٣٢٤ و ١٣٢٥ی هەتاوی بوونە خاوەنی یەکەمین ڕێکخراوی تایبەت بە خۆیان، بەڵام بۆ هۆکاری تەمەنی کەمی کۆمار و کولتووری پیاوسالاری زاڵی ئەو سەردەمە کە بە سەر کوردستان زاڵ بوو، نەیانتوانی لەو هەلە یاساییە کەڵک وەربگرن و خواست و داواکاریی خۆیان بە شێوازێکی بەربڵاو و گشتگیر لە کۆمەڵگا بهێننە بەر باس. ڕەوتی دووهەمی خەباتی ژنان لە کورستان لە سەردەمی شۆڕشی ١٣٥٧ی هەتاوی بە بەشداری لە ڕێکخراوە سیاسییەکان و شەڕی چەکداری دەست پێدەکات. ئەم هەنگاوە بەپێی کات و شوێنی خۆی دەسکەوتێکی مەزن بوو و توانی ڕۆڵ و پێگەی ژن لە کوردستان بگوازێتەوە بۆ قۆناغێکی تر. بەڵام لە دوای نسکۆی شۆڕش لە ڕۆژهەڵات خواست و داواکاریی ژنانیش پاشەکشەی کرد. هۆکارەکانی ئەم پاشەکشەیە زۆرتر دەگەڕێتەوە بۆ ئەو تیۆری ناتەواو و سەقەتەی کە ژنانی پەلکێشی نێو شۆڕش کرد. دەتوانین بڵێین لە ڕووی لێکچواندنەوە کۆپی پەیستێکی سەقەتی ڕەوتی فمنیسمی جیهانی بوو. بەو هۆکارەی کە تایبەتمەندی ژنانەی نەکردبووە بنەما بۆ بەشداریی ژنان بەڵکوو زۆرتر لەژێر کاریگەریی خەباتی چینایەتیدا بوو. هەر بۆیە ژنان بەشدارییان لە شۆڕش کرد، بەڵام بە زێهنیەتی پیاوسالارانەوە.
بەو ئەزموونە مێژووییە کە باس کرا، هەروەها لەژێر تیشکی خوێندنەوە نوێیەکان کە هەموویان جەخت لە شکاندنی ڕەوایەتە گەورەکە دەکەن، ژنانی کورد دەبێ لە ڕووی تیۆرییەوە ڕەخنەکارییەکی جیددی لە مێژووی بزووتنەوەکە بکەنەوە. هەتا ئەم هەنگاوە هەڵنەگیرێت و دژوازییە تیۆریکەکە چارەسەر نەکرێت نابێ چاوەڕوانی پێشکەوتنی گەورەتر بکەین. هەنگاوی سەرەتایی خۆ دەربازکردنی لە ڕەوتی خۆشکایەتی یۆنیڤرساڵ و فمنیسمی ئێرانییەوە دەست پێدەکات. گرینگترین تیۆری لەم بابەتەوە تیۆری ئینترسکشناڵیتە (Intersectionality) لەم تیۆریەدا ڕەهەندەکانی جیاوازی ژێردەستە بوون پیکەوە لە پەیوەندیدان و کارتێکەرییان لەسەر یەک هەیە. کۆنسپتی ژێردەستە بوون لە ئاوەها بارودۆخێکدا کە کەسێک ڕەنگە شێوازگەلێکی جیاواز لە ژێردەستبوون لە ژیانی کەسیەتی یا، کۆمەڵایەتی ئەزموون بکات، گرینگییەکی تایبەتی هەیە. ئیتر لێرەوە فمنیسمی کوردی زەنجیری پەیوەندی لەگەڵ ڕەوتەکانی دیکەی فمنیستی لەوانە خۆشکایەتی یۆنیڤرساڵ و فمنیسمی ئێرانی دەپچڕێنێت و خۆی لەنێو ئەو پرسیارە دەبینێتەوە کە ئایا شێوازگەلی ژێردەستە بوون تاک ڕەهەندییە یان فرە ڕەهەندی؟
ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.