دڵنیا وەیسی
وەک دەزانن ٨ی مارسی هەموو ساڵێک لە ئاستی جیهانیدا، وەک ڕۆژی ژن ناسراوە و لە نێو گەل و نەتەوەکانی جیهاندا بە شێوازی جۆراوجۆر یادی دەکرێتەوە. لە کۆمەڵگایەکدا ئەگەر ژن ئازاد و خاوەن بڕیار و ماف و چارەنووسی خۆی بێ و لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا وەک ئابووری و سیاسەت، پەروەردە و فێرکاری و... نەخش و ڕۆڵی هەبێ، ئاستی بەڕۆژبوون و بەرەوپێشچوونی ئەرێنی ئەو کۆمەڵگا نیشان دەدا، بۆیە ئەمەش وای کردووە دەسەڵاتە پاوانخواز و دژە مافی مرۆڤییەکان بە تایبەتی پرسی ژن، لە پێوەندی لەگەڵ ژن سپەری دفاعی بگرن و ببنە بەربەست لە بەرەوپێشچوونی ماف و ڕۆڵی ژن لە کۆمەڵگا کە نموونەی زۆر ئاشکرا و ناسراوی، رێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێرانە.
لێکدانەوە و خوێندنەوەی ئیدۆئۆلۆژیک و سیاسی لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە، ئەم مافەی بەرەو ئاقارێکی دیکە بردووە. کۆماری ئیسلامی بە کەڵکوەرگرتن لە ئایین و پێگەی ژنان لە ئیسلامدا، لە ئیسلام وەک ئامرازێک بۆ سەرکوت و لە پەراوێزخستنی پرس و مافی ژن لە ئێران بە کاریان هێناوە. کۆماری ئیسلامی لە پێوەندی لەگەڵ مافی ژن و مافەکانی دیکەی پێکهاتەکانی ئێران، کۆمەڵێک پاساو و هۆکار دێننەوە کە لە بنەڕەتدا بریتییە لە بەلاڕێدابردنی واقعی پرسەکە، بۆ نموونە بەکارهێنانی چەمکی''دوو ژن جا دەبنە پیاوێک''. بە تەواوی ئاشکرایە کە ژنان زۆرینەی دانیشتوانی ئەم وڵاتە پێک دێنن لە کاتێکدا لە سەرەتاییترین مافەکانیان بێبەشن. ئەم چەمکانە لەسەر بنەمای هەڵاواردن و بە فەرمی نەناسینی جیاوازییەکان و نکۆڵی کردن لە مافە سروشتی و سیاسییەکانی ژنان لەم وڵاتەدا بنیات نراوە. ئەمەش ڕاستەوخۆ دەکەوێتە چوارچێوەی سەرکوتێکی سیستماتیکەوە کە لایەنێکی یاسایی پێدراوە. لە ڕوانگەی دەسەڵاتدارانەوە، پرسی ژنیش هەڕەشەیە بۆ سەر ''بەرژەوەندی نەتەوەیی''. ئەم جۆرە ڕوانین و سیاسەتە، بە کردەوە گورزێکی مەترسیداری لە پێکهاتەی ئێران داوە بەڵام، بێ توانایی و لاوازی پێکهاتەیی سیستمی سیاسی لە بەرەوپێشبردنی ڕەوتی یەکسانسازی و ئاسێمیلاسیۆنی ڕەگەزی و فەرهەنگی لە لایەک و وشیاری نەتەوە بندەستەکان و بەرگری کردنیان لە مافی یەکسانی خۆیان، هۆکاری سەرنەکەوتنی بووە.
لە بارودۆخی هەنوکەیی بەهۆی ئەو ئاڵوگۆڕانەی کە لە ناوچە و بەتایبەت لە ئێراندا هاتوونەتە ئاراوە، خەباتی گەلی کورد بۆ ڕزگاری وئازادی، پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێ کە ئەو قۆناغە نوێیە، زیاتر لە هەر کاتێک پێویستی بە هاوخەباتی هەموو چین و لایەنەکانی کۆمەڵگایە بە تایبەت ژنان چ بە شێوەی نهێنی و چ ئاشکرا. ئێمەی کورد وەک نەتەوەیەکی خاوەن فەرهەنگ و شارستانیەت، لە ڕابردوو و لە ئێستاش کە نەریت و کلتوورمان لە لایەن دەسەڵاتە باڵادەستەکانەوە مەترسی لەناوچوونی لەسەرە، بە ئەرکێکی نیشتمانی هەر تاکێکی کوردی دەزانین کە پرسی ژن و پاراستنی بەهەند وەربگرێ و هەوڵی گەشەپێدانی بدەن.
لەم پێناوەدا، ژنانیش دەبێ دەس لەسەر دەس دانەنێن و بۆ نەهێشتنی ئەم هەڵاواردنانە و دەستەبەرکردنی مافەکانیان هەوڵ بدەن. ژنان، دەبێ پێگە و کەسایەتی و شوناسی خۆیان دیاری بکەن و ژنانی دیکەشی لێ بەهرەمەند بکەن، نەهێڵن یاسا و نەریتە کۆن و چەقبەستووەکانی کۆماری ئیسلامی بەرگرییان لێ بکات لە وەدیهێنانی ماف و ئازادییەکان، یەکگرتووبوون لانیکەم لە بەژەوەندییە هاوبەشەکاندا و هەر شتێک کە دژی بەرژەوەندی گشتی ژن بێت، باوەڕیان بە خۆیان بێ لە بواری خۆپێگەیاندن و پێگەیاندنی ژنانی دیکە، کۆڵنەدان و هەوڵدان بۆ سڕینەوەی یاساکانی هەڵاواردن، هەڵوێست گرتن بەرامبەر ئەو دیاردە و ڕووداو و بڕیارانەی کە لە لایەن دەسەڵاتی پاوانخوازەوە لە دژی بەرژەوەندییە ئینسانییەکانی ژنان دێتە ئارا، نەهێشتنی ترس و شەرم و ملکەچی بەرامبەر بە یاساکانی هەڵاواردن، هەوڵدان بۆ خۆئازادکردن و ڕوونکردنەوەی مافە سروشتییەکانی ژنان و وشیارکردنەوەی ڕەگەزی نێر لەو ماف و ئازادییانە، هەوڵدان بۆ نەهێشتنی کولتووری پیاوسالاری، هەوڵدان بۆ نەهێشتنی بەستراوەیی ژنان بە پیاوان لە ڕووی ئابوورییەوە کە بووەتە هۆی کەڵەکەبوونی سەرمایە لە دەستی پیاواندا. لە ڕاستای ئەمانەدا، حیزبی دێموکرات ئەو هەل و دەرفەتانەی بۆ ژنان ڕەخساندووە کە وێڕای بەشداری چالاکانەی ژن لە ڕیزەکانی پێشمەرگایەتی و خەباتی چەکدارانە لە رۆژهەڵاتی کوردستاندا، بەشێوەی ڕاستەوخۆ لە مەیدانەکانی دیکەی تێکۆشانی سیاسی لە بەرامبەر ئایدۆلۆژی فەرمی کۆماری ئیسلامی و پێوانە سیاسی، کولتووری، کۆمەڵایەتی و ئەخلاقیەکانیدا ڕادەوەستن. ژنان دەتوانن، بە بەشدارییان لە گۆڕەپانی خەباتی چەکدارانە، چالاکی پێشمەرگانە و بەدەستەوەگرتنی چەکی پێشمەرگایەتی و هەروەها بە ڕاوەستان کۆڵنەدانیان لە گۆڕەپان و سەنگەری شاردا، پشتیوانی ڕاشکاوانەی خۆیان ڕاگەیەنن و بە هەوڵ و تیکۆشانەکانیان، مزگێنی گەیشتن بە ماف و ئازادی و ئامانجەکانیان بدەن.
کچان و ژنانی دێموکرات نموونەی ئەو هەوڵانەن چونکە سەلماندیان کە ئەوان بۆ خۆیان خاوەن کەسایەتی خۆیانن و چیدی بە شێوەیەکی لاوەکی لە پشت پیاوان نین و پێگەی خۆیان لە ڕیزەکانی بزووتنەوەدا پێناسە و مسۆگەر کردووە و سەلماندیان کە جێگەی ئەوان دەتوانێ لە لووتکەی سەروەریدا بێ. هەروەها ئەو ژنە شۆڕشگێڕانە کە لەبەر تاوانی سیاسی و بۆ دەستەبەرکردنی مافە ئینسانی و نەتەوەییەکانی خۆیان لە چاڵە ڕەشەکانی کۆماری ئیسلامیدان و ڕۆژەکانی ژیانیان لەوێ و لەژێر چەپۆکی کۆماری ئیسلامی بەسەر ئەبەن، سەلماندیان کە ئەوان دەتوانن پێشەنگ بن و بێ منەت بژین بۆیە یادیان هەمووکات بەرز و جێگای شانازین بۆمان. بەشداری ڕاستەوخۆی ژنان لە خەباتی ئاشکرا و نهێنی و هەروەها خۆڕاگری شۆڕشگێڕانەیان لە بەندیخانەدا، نمونەی خەبات و بەرخۆدانی ژنانمان لە بارودۆخی هەنووکەییدایە. ژنان هەروەها لە گۆڕەپانی خەباتی مەدەنی، پێوەندییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان، نووسین و ڕادەربرین لە ماڵپەڕە ئینتێرنێتی و... بە شێوەیەکی ئەکتیڤ سەلماندیان کە ئیدی دەتوانن بە شێوەیەکی سەربەخۆ، بە ویست و ئیرادەی خۆیان لە هەبوون و داخوازییە سیاسی و نەتەوایەتییەکانیان پشتیوانی بکەن و هاوشانی پیاوان لە هەموو بوارەکاندا چالاکانە دەور بگێڕن. لە ئاخردا، ئێمە وەک کچانی سەنگەری ئاشکرا و رۆڵەکانی شاخ، داوا لە کچ و ژنانی ڕۆژهەڵات دەکەین کە تا پێیان دەکرێ پەیوەست بن بە ڕیزەکانی خەباتەوە و شان بە شانی ئێمە بۆ دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییە ئینسانی و نەتەوایەتییەکانمان، تێبکۆشن و هەروەها لە سەنگەری نهێنی و لە گۆڕەپانی شاردا بە چالاکییەکانیان پشتیوانی ئێمە بن و ئێمەیش بەڵێنیان پێ دەدەین تا گەیشتن بە ئامانجەکانمان و لووتکەی سەرکەوتن، لەم ڕێگایەدا سڵ نەکەین و گیانیشمان لە پێناویدا دابنێین.
ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.