بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ، ٣١ـەمین ساڵوەگەڕی تێرۆری ڕێبەری بلیمەت و ناوداری کورد، دوکتور ''عەبدولڕەحمان قاسملوو'' لە شار و ناوچەکانی کوردستان چالاکیی تەبلیغی بەڕێوە چوو.
ئەندامانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لە شاری ''سایین قەڵا'' بە بڵاوکردنەوەی تراکت و وێنەی دوکتور ''قاسملوو'' یادی ئەم نەمرەیان بەرز ڕاگرت و بە دوژمنانی گەلی کوردیان سەلماند کە ڕێبازی قاسملوو هەمیشە زیندووە.
هاوکات قارەمانانی دێموکرات لە سەردەشت لە شەقامەکانی ''ئیتلاعات، چوارڕێیانی پۆست، کەمەربەندی و سینەما'' بە نووسینی دروشم و بڵاوکردنەوەی تراکت و پوستێری تایبەت، یادی ٢٢ی پووشپەڕیان بەرز ڕاگرت.
ڕۆڵە تێکۆشەرەکانی دێموکرات لە گوندی ''بێمزورتێ'' سەر بە شنۆ بە نووسینی دروشمی حیزبی و بڵاوکردنەوەی سروودی شۆڕشگێڕانە چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
هەروەها لە پیرانشار، لە یادی ٣١ـەمین ساڵڕۆژی شەهیدکرانی ڕێبەری ناوداری کورد دوکتور ''قاسملوو''، چالاکیی بەربڵاوی تەبلیغییان بەڕێوە برد.
ئەو شێوێنانەی کە چالاکیی لێکراوە بریتین لە: ''سێڕای شیناوێ، کەمەربەندیی ئیمام جومعە، شەقامی مەولەوی، مزگەوتی حەشرەی موبەشەرە، فەلەکەی هەواشناسی و هەروەها گوندەکانی کانی بوداغ، کانی مەلا، پەسوێ و گەرگوول''.
لە بانە، تیکۆشەرانی دێموکرات بەبۆنەی ٢٢ی پووشپەڕ بە بڵاوکردنەوەی نووسراوەی تایبەت، یادی دوکتور قاسملوویان بەرز ڕاگرت و پەیمانیان لەگەڵ ڕێبازی پەڕسەروەریی شەهیدان نوێ کردەوە.