کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٢ی ڕێبەندان لە دوو ڕوانگەی مێژوویی و سیاسییەوە

18:24 - 8 رێبەندان 2720

پێدرام سلێمانی

٢ی ڕێبەندان لە مێژووی گەلی کوردا جێگایەکی تایبەتی هەیە. ٢ی ڕێبەندان ئاکامی چەندین دەیە هەوڵ و تێکۆشانی گەلێکە بۆ ڕزگاریی خۆی. کار و کردەوی پاش ئەو ڕۆژە ئامانج و ئاواتی چەندین پشت لە خەباتگێڕان و شۆڕشگێڕانی کوردستانە. هەر وەک شەهید دوکتور قاسملوو دەفەرمێ: "لەم ڕۆژەدا ئەستێرەی گەشی کۆماری کوردستان شەوی دیجووری کوردستانی ڕوون کردەوە ئێستاش ئەستێرەی ڕێنیشاندەری خەباتی ڕزگاریخوازانەی نەتەوەی کوردە". لەو ڕۆژەدا بوو کە کورد تامی دیاریکردنی چارەنووسی چیشت.

ئێمە لە دوو ڕوانگە چاو لە ٢ی ڕێبەندان دەکەین؛ ڕوانگەیەکی مێژوویی و ڕوانگەیەکی هزری ـ سیاسی.

لە ڕوانگەی مێژوویەوە ٢ی ڕێبەندان ئەو ڕۆژەیە کە کۆماری کوردستان تێیدا دامەزرا و بۆ نزیک بە یەکساڵ دەسەڵاتداریەتی کرد.

لە ڕوانگەی هزری ـ سیاسییەوە، ڕۆژێکە کە ئیرادەی نەتەوەی کورد توانیویەتی واقعی کوردستان بەرەو ئەو ئاراستەیە بگۆڕێت کە دەسەڵاتێکی کوردی تێیدا دابمزرێت.

 بیرکردنەوە لە دووی ڕێبەندان بیرکردنەوە لەدوو شتە؛ یەکەم؛ ڕێزلێنان لەو ئیرادەیە کە حەولی دا چارەنووسی کورد بەدەستەوە بگرێت.

دووهەم؛ بەڵێندانە کە ئێمە هه‌مان ئاوات و هەمان ڕێباز  کە ٧٥ ساڵ بەر لە ئێستا حەولی دا چارەنووسی نەتەوەکەی بەدەستەوە بگرێت بەهەمان ڕوانینەوە حەول بدەین لە ئێستادا دەرفەتەکان بکار بێنین وچارەنووسی نەتەوەکەمان بەدەستەوەب گرین و ئەم نەتەوەیە لەم کێشە و قەیران و نەهامەتییەی کە بەسەری هێنراوە ڕزگار بکەین.

دەگەڕێینەوە  بۆ ٣ی خەرمانانی ساڵی ١٣٢٠ی هەتاوی کە ئێران لە باکوورەوە لەلایەن لەشکری سوور و لە باشوورەوە لەلایەن ئینگلیس و ئامریکاوە داگیر کرا. لە ڕۆژهەڵات لە ناوچەی موکریان هیچ یەک لەم هێزانە تێدا نیشتەجێ نەبوون و هەندێک لە ڕووناکبیرانی مەهاباد لەم بۆشاییە کەڵکیان وەرگرت و کۆمەڵەی ژ- کاف، بە بیڕباوەڕێکی ناسیۆنالیستی بۆ پەرەپێدانی بیری نەتەوەیی لەسەر خواستی کۆمەڵگەی کوردستان وە لەسەر دەستی چینی مامناوەندی شارنشینی دامەزرا.

سێ هۆکاری سەرەکی بوونە هۆی دامەزراندنی کۆمەڵەی ژـ کاف:       

١ـ توێژی مامناوەندی شاری بیچمی گرتبوو کە گەیشتبووە ئەو ئاستە کە باوەڕی بە ماف هەبوو.

٢- کۆمەڵگە بەو ئاستە گەیشتبوو کە دەیهەوێ لە وەزعی مەوجود تێپەڕێ بۆ وەزعی دڵخواز.

٣- هێرشی ناسیۆنالیستیی دراوسێکانی دەوروبەر                    

نفووزی تەشکیلاتی ــ هزری کۆمەڵەی ژـ کاف لەنێو خەڵکدا

 کۆمەڵەی ژـ کاف ڕێکخراوەیەکی نهێنی بوو کە زۆر خۆی دەپاراست کە خەڵکانێکی زۆر ببێتە ئەندامی.  ژـ کاف لە ڕووی تەشکیلاتەیەوە زۆر کاریگەری لەسەر کۆمەڵگەی کوردستان نەبوو بەڵام لە ڕووی فکرییەوە ژـ کاف ڕێچکەیەکی ناسیۆنالیستیە لەنێو کوردا ول ەنێو ئەو ڕێچکەیەدا باس لەسەر کوردستانی یەکپارچە کراوە و باس لەسەر سەربەخۆیی دەکا و ئەو ڕوانگە هەتا ئێستاش لەنێو کۆمەڵگای کوردستان هەیە.

دامەزرانی کۆمەڵەی ژـ کاف تا دامەزرانی حیزبی دێموکرات ٣ساڵی مەودابوو. کۆمەڵەی ژـ کاف ڕێکخراوەیەکی داخراو بوو و هەلومەرجی ئەو کاتەش پێویستیی بە ڕێکخراوەیەکی کراوەتر و بەربڵاوتر هەبوو، هه‌ر بۆیە ڕێبەرایەتیی کۆمەڵەی ژـ کاف و لە سەرەوەی هەموویان پێشەوا قازی محەممەد هه‌ر لە بنەڕەت و بنەمای کۆمەڵەی ژ- کاف و لە ساڵڕۆژی دامەزراندنی کۆمەڵەی ژـ کاف لە ٢٥ی گەلاوێژی ساڵی ١٣٢٤ حیزبی دێموکراتیان دامەزراند. دامەزراندنی حیزبی دێموکرات بە بەرنامەیەکی ڕوون و ئەمڕۆیی و سەردەمییانە، وڵامێکی گونجاو و بەجێ بوو بۆ ئەو هەلومەرجە نوێیەی کە پێکهاتبوو.

دوای ١٦٠ ڕۆژ لە دامەزراندنی حیزبی دێموکرات، لە ٢ی ڕێبەندان پێشەوا قازی محەممەد لە مەیدانی چوارچرای شاری مەهاباد لەنێو ئاپۆرای خەڵکەوە کۆماری کوردستانی ڕاگەیاند.

پێشەوا قازی محەممەد بە لەبەرچاوگرتنی هۆکارە مێژوویی و ناوچەیی و سیاسیەکانی سەرنەکەوتنی شۆڕش و ڕاپەڕینەکانی ڕابردووی نەتەوەی کورد هه لوومەرجی ئەو کاتی ڕۆژهه ڵات و بەتایبەت لە جەنگەی شەڕی جیهانیی دووهەم و داگیرکرانی ئێران لەلایەن یەکیەتیی سۆڤیەت و ئامریکا و ئینگلیسەوە بیرۆکەی دامەزراندنی دەسەڵاتی کوردی گەڵاڵە کرد.

کۆماری کوردستان ١١مانگی خایاند. ڕاستە کە ١١مانگ بۆ مێژووی مرۆڤایەتی ماوەیەکی زۆر کورتە بەڵام گرینگیی حکوومەتێک بە درێژی و کورتی ئەو حکوومەتە بەستراوە نییە. کۆماری کوردستان وەک ڕێنێسانسێک لە ڕۆژهەڵاتی ناڤین سەیر دەکرێ کە لە ماوەی ١١مانگدا هێندێک کاری گرینگی مێژوویی کرد. وکوو پێکهێنانی دەوڵەت نەتەوەی کوردی، ڕەسمی‌کردنی زمانی کوردی، دانانی هێزی پێشمەرگە، بڵاوکردنەوەی بیروڕای دێموکراتی ڕێگاخۆشکردن بۆ بەشداری ژنان لە ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی جێبەجێ کرد.

گرینگترین کاریگەریی کۆماری کوردستان لە ڕووی فکریەوە ئەوە بوو جۆرێک تاکی کوردی گەرەنتی کرد بۆ مبارزەکردن  و ئەمە وەزعێکی پێکهێنا و لە دوای کۆماری کوردستانی هە تاکوو ئێستا لە هەموو پارچەکانی کوردستان بابەتێک هەیە بە ناوی شۆڕشی کورد کە کوردی کردووەتە بازیگەرێکی گرینگی سیاسیی ناوچەکە.

سەبارەت بە ڕووخانی کۆماری هۆکاری زۆر کاریگەرییان هەبوو کە بە گشتی ئەو سێ هۆکارە ڕۆڵی بنەڕەتییان گێڕاوە؛

١-هۆکاری ناخۆیی و ناتەبایی کورد لەنێو خۆیدا بەتایبەت ململانێ خێڵەکان لەگەڵ یەکتر ببوونە هۆکاری لاوازیی کۆماری کوردستان

٢- فاشیزمی ئێرانی کە هیچ باوڕێکی بە مافی کورد نەبوو

٣- ئیرادەیەکی نێودەوڵەتی لەو قۆناغ دا نەیدەویست دەوڵەتی مەرکەزی لە ئێراندا لاواز و پەرتەوازە بێ .

کۆبوونەوەی ئێمە وەک پێشمەرگەی کوردستان ئەوە پەیامە گرینگەی پێیە کە هێزی پێشمەرگەی کوردستان هێشتا میراتگری کۆمار و پارێزەری دەستکەوتەکانی کۆمارە و لە وەرزەی نوێیەی خەبات کە ڕاسانی ناوە، بەڵێنیی بەردەوامی و پەرەگرتنی هێزی پێشمەرگە بە نەتەوەی کورد و شەهیدانی کۆمار و لەسەرەوەی هەموویان پێشەوای کوردان قازی محەمحەممەد دەدەین.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە ڕا و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.