کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران ئاوی بە ڕووی هەرێمی کوردستاندا گرتووەتەوە

13:01 - 1 خەرمانان 2720

ڕێژیمی ئێران لە وەرزی هاویندا ئاوی دوو ڕووباری "سیروان" و "زێی بچووکـ"ـی لە هەرێمی کوردستان گرتووەتەوە و بەهۆیەوە پاشەکەوتە ئاوییەکانی بەنداوەکانی هەرێمی کوردستان دابەزیوە و زیانێکی زۆری بەرکەوتووە.

وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی هەینی ٣١ی گەلاوێژ لە بەیانییەیەکدا ڕایگەیاندووە کە چاوەدێرییە مەیدانییەکان بەسەر ڕووباری "سیروان" و ئاوێک کە دەڕژێتە نێو بەنداوەکانی "دەربەندیخان" و "دووکان" نیشانی داوە کە دەفرایەتیی ئاوێک کە لە ئێرانەوە دەڕژێتە ئەوێ لە ٤٥ میتری "چوارجا" لە چرکەدا دابەزیوە بۆ ٧ میتری چوارجا لە چرکەدا.

ئەو وەزارەتە هەروەها ڕایگەیاندووە کە گرتنەوەی ئاو لەسەر هەرێمی کوردستان داهاتی ئاوی گەیاندووەتە سیفر و هەروەها بە گرتنەوەی ئاوی ئەو دوو ڕووبارە بە سەدان هەزار ماسی لەنێوچوونە و  سەرەڕای ئەوەی زیانێكی زۆری بە جووتیارانی ناوچەكە گەیاندووە، زۆربەی بەرهەمەكانیانیش وشک بوونە.

"ڕەحمان خانی" بەڕێوبەری بەنداوی دەربەندیخان ڕایگەیاندووە: "لە ئێستادا حکوومەتی ئێران دەستی کردووە بە کەمکردنەوەی نزیکەی ٧٥ لەسەدی داهاتی ئاوی بەنداوی دەربەندیخان کە بەهۆیەوە لە خوارەوەی بەنداوەکە و ناوچەکانی خوارەوەی گەرمیان کێشەی کەمیی ئاو دروست بووە".

بەپێی ئەو بەیانییەیە ڕێژیمی ئێران بەشێک لە ئاوی "زێی بچووکـ"ـی بۆ "گۆلی ورمێ" و ئاوی "سیروانـ"ـی بۆ لای پرۆژە ئاویارییەکانی "کرماشان و سەرپێڵ زەهاو" کاناڵیزە کردووە.

 پێشتر ڕێژیمی ئێران لە ڕێگەی بەنداوی "کۆڵەسە"ی کوردستانی ڕۆژهەڵاتەوە ئاوی "زێی بچووکـ"ـی گرتبووەوە و مەترسیی لەسەر ئاوی خواردنەوەی پارێزگای سلێمانی دروست کردبوو.

لەو بەیانییەیەدا وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان ئەو کارەی ڕێژیمی ئێرانی بە توندی مەحکووم کردووە و هەروەها ڕایگەیاندووە: "ئەو کارەی وڵاتی ئێران بەپێچەوانەی هەموو یاسا و بنەما نێودەوڵەتییەکانە و ئاوی ڕووبارە هاوبەشەکان موڵکی هەردوو خەڵکی عێراق و ئێرانە، بە تەنها مافی هیچکام لەو وڵاتانە نییە".