کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران بۆ جارێکی دیکە لە هاویشتنی مووشەکێکی "ماهوارەهەڵگر" سەرکەوتوو نەبوو

18:02 - 11 رەشەمه 2721

دوو مانگ دوای هاویشتنی بێ ئاکامی مووشکی ماهوارەهەڵگری''سیمۆرغ''، "دەیوید ئێشمرلێر'' لێکۆڵەری ناوەندی لێکۆڵینەوەی قەدەغەکردنی پەرەپێدانی ناوکیی ''جێمز مارتین'' باسی لە هەوڵی ناسەرکەوتووانەی ئێران لە هاویشتنی مووشکێکی ماهوارەهەڵگر کردووە.

''ئێشمرلێر'' بە بڵاوکردنەوەی وێنەیەکی شیرکەتی "مەکسار" کە ڕێکەوتی ٨ ڕەشەمەی لەسەرە، لە توویتێکدا نووسیویەتی، ئێران جارێکی دیکە هەوڵی داوە مووشکێکی ماهوارەهەڵگر ڕەوانەی ئاسمان بکات، بەڵام تووشی شکست بووە.

ئەم وێنەیەی کە بڵاو بووەتەوە، تەقینەوە لە سەکۆی هاویشتن لە فڕۆکەخانەی فەزایی خومەینی لە سێمنان نیشان دەدات کە دەریدەخات هەوڵی ئێران بێ ئاکام بووە.

مانگی بەفرانباریش ئێران باسی لە پێنجەمین هاویشتنی سەرکەوتووانەی مووشەکی ماهوارەهەڵگری سیمۆرغ کردبوو، بەڵام ئەو مووشەکە خێرایی پێویستی بۆ چوونە نێو "مەدار" نەبووە و وەکوو چوار تاقیکاریی پێشتر هەوڵەکانی بێ ئاکام بووە.

ئامریکا و هێندێک لە وڵاتان بەرنامەی ماهوارەیی ڕێژیمی ئێران بە هەوڵی ئەو ڕێژیمە بۆ تاقیکارییە مووشکییەکانی ناو لێ بردووە.