کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران بێنزین بە سەر ئاگری قەیران و ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەدا دەکات

18:09 - 9 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: باڵوێزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە وڵاتی یەمەن ڕایگەیاند، هەوڵی ئاڵۆزی سازکردن و ئاژاوەگێڕانەی ئێران لە ناوچەکە بێنزین بە سەر ئاگری قەیرانەکانی ئەو ناوچەیەدا دەکات.

بەپێی ڕاپۆرتی ماڵپەڕی ئەلعەرەبییە، ڕۆژی پێنجشەمە ۸ی سەرماوەز، میتۆ تویلر، باڵوێزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە وڵاتی یەمەن، لە وتارێکدا بەبۆنەی ڕێوڕەسمی ڕادەست کردنەوەی پاراستنی کەنارەکانی پارێزگای "حەزەرمووت" لەو وڵاتە، لە لایەن هێزەکانی هاوپەیمانی عەرەبییەوە بە هێزەکانی تایبەتی یەمەن، باسی لە هەوڵە ئاژاوگێڕانەکانی ئێران بۆ تێکدانی ئارامیی ناوچەکە کرد.

میتۆ بویلر، لە بەشێکی قسەکانیدا ئێرانی بە سەرەکیترین هێزی ئاژاوەگێڕی ناوچەکە پێناسە کرد و وتی: "ئێران یەکێک لەو هێزە سەرەکییانەیە کە بۆ پەرەپێدانی ئاڵۆزی و نائارامی لە ناوچەکە تێدەکۆشێت".

ناوبراو لە درێژەی وتارەکەیدا تیشکی خستە سەر ڕۆڵی توندڕەویی ڕێژیمی ئێران لە ناوچەکە و هەوڵی تێکدەرانەی ئەو ڕێژیمەی وەکوو بێنزینی سەر ئاگری ئاژاوە و ئاڵۆزییەکانی ئەو ناوچەیە وەسف کرد، وتیشی: "لە هەر گۆشەیەکی ئەو ناوچەیە کە ئاڵۆزی و نائارامی هەیە، نیشانەی دەرفەتخوازی و هەلپەرەستانەی ئێرانە لەو بارودۆخەدا، ڕێژیمی ئێران لە جیاوازییەکانی نێوان ئایینی، سیاسیی و هەژاری لەو ناوچەیە بۆ ڕۆڵی ئاژاوەگێڕانەی خۆی و قووڵ کردنەوەی کێشەکان کەڵک وەردەگرێت و وەکوو بێنزینی سەر ئاگر لە ناوچەیەکی جیهانە کە ئەمەش بۆ هەموو ئێمە گرینگە".

باڵوێزی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە وڵاتی یەمەن، لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بە بارودخی هەنووکەیی ئەو وڵاتە کرد و ڕایگەیاند کە ڕێژیمی ئێران پاڵپشتیی ئاژاوەگێڕانە لە کوودتاچییەکانی وڵاتی یەمەن بۆ ڕووخانی حکوومەتی یاسایی ئەو وڵاتە دەکات.