کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران بەندیخانەیەکی گەورەیە بۆ ڕۆژنامەنووسان

17:43 - 14 بانەمەڕ 2719

کوردستان میدیا: ڕێژیمی سەرەڕۆی ئیسلامیی ئێران، ئێرانی کردووەتە بەندیخانەیەکی گەورە بۆ ڕۆژنامەنووسان، ڕێپۆرتێران و چالاکانی ڕۆژنامەوان.

سەرەڕای ئەوەی کە لە وڵاتی ئێراندا دەسەڵاتی ڕێڕیمی ئێران ، دەستی بە سەر هەموو میدیایەکی ئەو وڵاتەدا گرتووه لەو میدیانە بۆ سیاسیەتە دواکەوتووانەکانی خۆی کەڵکی لێوەردەگرێت و مینبەر و تریبۆنی چەواشەکاری و پڕۆپاگەندەکانییەتی.

لە ئێراندا سانسۆرکردن و سنووردارکردنی کۆنەپەرەستانە لە ئاستی هزری خۆیاندا باڵی بە سەر میدیا و هەواڵدەرییەکانی ئێراندا کێشاوە و دەسەڵاتدارنی ڕێژیم ئەو وڵاتەیان کردووە بە بەندیخانەیەکی گەورە بۆ ڕۆژنامەنووسان و ڕێپۆرتێران، چالاکانی ڕۆژنامەنوانی و بەتایبەت ڕۆژنامەنووسانی سەربەخۆ.

لەم بارەیەوە، ڕێکخراوی نێونەتەوەیی ڕێپۆرتێرانی بێسنوور، ڕۆژی هەینی ۱۳ی بانەمەڕ بەرانبەر بە ۳ی مەی، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی ئازادیی ڕۆژنامەنووسی، لە ڕاپۆرتێکدا، ڕایگەیاندووە کە وڵاتی ئێران یەکێک لەو وڵاتانەیە کە ڕۆژنامەنووسان سەرکوت دەکات و بووەتە بەندیخانەیەکی گەورە بۆ ڕۆژنامەنووسان و کاری ڕۆژنامەوانی.

بەپێی ئەو ڕاپۆرتە، وڵاتی ئێران لە ماوەی چل ساڵی ڕابردوودا، بە یەکەمین وڵاتی سەرکوتکەری خەڵکی خۆی لە ئاستی جیهاندا ئەژمار دەکرێت، کە ڕۆژنامەنووسانیش لەو سەرکوتکردنانە بێبەش نەبوونه و ڕۆژانە ڕۆژنامەنووسان، ڕێپۆرتێر، ڕاگەیاندنکار و چالاکی ڕۆژنامەنوانی بە هەموو شێوەیەک سەرکوت دەکرێن.

لە بەشێکی ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە؛ سەرکوت و هەڕەشەکردن لە ڕۆژنامەنووسان لە ئێراندا، تەنیا لە ئاستی نێوخۆیی ئەو وڵاتە بەرتەسک نەبووەتەوە، ئەو ڕێژیمە هەڕەشەی لە زۆربەی ڕۆژنامەنووسانی ڕاگەیاندنە نێونەتەوەییەکانیش کردووە و زۆر جاریش بارودۆخگەلێکی دژواری بۆ کار و چالاکییەکانیان هێناوەتە ئاراوە.

لە بەشێکی تری ئەو ڕاپۆرتەدا هاتووە؛ ڕێژیمی ئێران لە ٤۰ ساڵی ڕابروودا ڕێگای بە هیچ چالاکییەکی ئازادانەی ڕۆژنامەنووسی لەو وڵاتە نەداوە و ڕایگەیاندن وەکوو کەرەستەیەکی حکومەتی بۆ ئامانجەکانی خۆی بەکار دەهێنێت کە لە ڕاستای بەرژەوەندییەکانی ڕێژیمی ئێراندایە و زۆر بە توندی کۆنتڕۆڵی هەواڵە و ڕاپۆرتەکان لەو وڵاتەدا دەکات، هەروەها لە ماوەی ئەو ساڵانەدا زیاتر ۸۶۰ ڕۆژنامەنووس و بەتایبەتی هاووڵاتییانی ڕۆژنامەنووسی ئەو وڵاتە لە ئێراندا دەستبەسەر و بەندکراون و تەنانەت لە سێدارەش دراون، شەپۆلی سەرکوتی ڕۆژنامەنووسان لە لایەن ئەو ڕێژیمەوە هیچکات کەم نەبووەتەوە، بەڵکوو بە پێچەوانەوە ڕۆژبەڕۆژ زۆرتر و زیادتر دەبێت".

هەروەها لەو ڕاپۆرتەدا ئاماژە بەپێگەی وڵاتانی جیهان لە بواری ئازادییەکانی ڕۆژنامەوانی کراوە، کە بەپێی ئەو ئاماژەیە، وڵاتی ئێران لە ئاستی ۱۸۰ وڵاتی جیهاندا لە پلەی ۱۷۰ـدایە و بە نیسبەت ساڵی ڕابردوو شەش پلە هاتووەتە خوارتر، واتە ساڵی ڕابردوو لە پلەی ۱۶٤مدا بووە.

هەر بەپێی ئەو ئاماژەیە، وڵاتانی نۆروێژ، فینلاند و سوئید لە ڕیزبەندی یەکەم تا سێهەمی ئەو وڵاتانەدان کە ڕێز لە ئازادییەکانی ڕۆژنامەوانی دەگرن و وڵاتانی ئێریترە (ERITREA) لە باکووری ڕۆژاوای ئافریقا، کورەی باشوور و تورکەمەنستان لە کۆتایی ئەو ڕیزبەندییەدان و زۆرترین سەرکوتی ڕۆژنامەگەرییان تێدا دەکرێت، هەروەها وڵاتانی عێراق، سووریە، عەرەبستانی سعوودی و وڵاتانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەو وڵاتانە ئەژمار دەکرێن کە سەرکوتی ڕۆژنامەگەرییان تێدا دەکرێت و ڕێز لە ئازادییەکانی ڕۆژنامەنووسان ناگرن.