کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران خەسارەتی فڕۆکەی ئۆکراینیی خستە ئەستۆی شیرکەتە بیمەییەکانی ئورووپا

17:48 - 20 گەلاوێژ 2720

سەرۆکی گشتیی بیمەی ڕێژیمی ئێران ڕایگەیاندووە شیرکەتی بیمەی ئورووپا بەرپرسیارە لە بەرانبەر پێدانی خەسارەتی فڕۆکەی ئۆکراینی، چونکە ئەو فڕۆکەیە لەلایەن ئێران بیمە نەکراوە.

"غوڵامڕەزا سلێمانی" وتوویەتی فڕۆکەی هێڵی ئاسمانیی ئۆکراین کە لەلایەن سپای پاسدارانەوە کرایە ئامانج، بەهۆی ئەوەیکە لەلایەن شیرکەتەکانی بیمەی ئێران بیمە نەکراوە دەبێ خەسارەتەکەی ئورووپا بیدات.

حسێبی تویتێریی هەواڵدەریی "میزان" سەر بە وەزارەتی دادی ڕێژیمی ئێران لە زاری "سلێمانیـ"ـیەوە نووسیویەتی: "ئەو فڕۆکەیە لەلایەن شیرکەتی بیمەی ئورووپاوە بیمە کراوەو و ئەو شیرکەتەی کە بیمەی کردووە دەبێ خەسارەتەکەی بدات".

ئەو دەربڕینانەی سلێمانی هاوکاتە لەگەڵ دانووستاندنی ئێران و ئۆکراین پاش خوێندنەوەی سندووقی ڕەشی فڕۆکەی بووئینگی ٧٣٧ی شیرکەتی فڕۆکەوانیی ئۆکراین.

ڕێکەوتی ١٨ی بەفرانباری ساڵی ٩٨ فڕۆکەی بووئینگی ٧٣٧ی هێڵی ئاسمانیی ئۆکراین، لەلایەن پەدافەندی ئاسمانیی سپای تێرۆریستیی پاسدارانەوە کرایە ئامانج و کەوتە خوارەوە و لە ئەنجامدا ١٧٦ کەس موسافیری ئەو فڕۆکەیە گیانیان لەدەست دا.

ڕێژیمی ئێران سەرەتا نکۆڵیی لەو کردەوە کرد و دواتر دانی بەوەدا نا کە سپای پاسداران هێرشی بە مووشەک کردوویەتە ئامانج.