کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران؛ دوو ساڵ بە تەمەنی خانەنشینکردنی فەرمانبەرانی دەوڵەتی زیاد دەکرێت

16:54 - 22 سەرماوەز 2721

بەپێی پرۆژەیاسایەک کە بۆ بودجەی ساڵی داهاتوو پێشکەشی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران کرا، تەمەنی خانەنشینکردنی فەرمانبەرانی دەوڵەت، دوو ساڵ زیاد دەکرێت.

تا ئێستا تەمەنی خانەنشینکردن بۆ پیاوان، ٦٠ساڵ و بۆ ژنان ٥٥ ساڵ بووە.

لە پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی داهاتوو، بناخەی چۆنیەتیی مافی خانەنشینکردن گۆڕانی بەسەردا هاتووە و هیچ قازانجێکی بۆ خانەنشینکراوان تێدا بەدی ناکرێت.

پێشتر نێونجی مافی خانەنشینکردن بەپێی دوو ساڵی کۆتایی کار بوو، بەڵام ئێستا دەوڵەت لە بەرنامەیدایە مافی خانەنشینکراوان بەپێی نێونجی مافی سێ ساڵی کۆتایی کارەکەیان بۆ هەژمار بکات.

بە سەرنجدان بە هەڵاوسانی لەڕادەبەدەر لە ئێران، هەر ساڵ بە مووچەی مانگانەی فەرمانبەرانی دەوڵەت زیاد دەبێت و بەو پێیە هەرچی مافی خانەنشینکردن بە کاتی خانەنشینبوون نزیکتر بێت، بۆ خانەنشینکراوان باشترە. بەڵام دەستێوەردان لە مووچەی سێ ساڵی پێشووی مافی خانەنشینبوون، دەبێتە هۆی کەمبوونەوەی مووچە.