کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران سەبارەت بە پێشێل کردنی سنووری هەوایی لە کەنداو هوشداریی دایه ئەمریکا

20:21 - 4 سەرماوەز 2712

کوردستان میدیا: رێژیمی ئێران بە ناردنی نامەیەک بۆ رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەهەمبەر پێشێل کردنی سنووری هەوایی ئێران لەلایەن هیزی دەریایی ئەمریکاوە لە کەنداو و دەریای عەمان، ناڕەزایەتیی خۆی دەربڕیوە.


رێژیمی ئێران ئەو کردەوەی هێزە دەریاییەکانی ئەمریکای بە کردەوەی هەڵخرێنەرانە و نایاسایی وەسف کردووە.
هەواڵدەریی ئاسۆ شەیتێد پرێس بڵاوی کردەوە، محەممەد خەزاعی باڵوێزی ئێران لە رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، ناڕەزایەتیی رێژیمەکەی بە ناردنی نامەیەک بۆ بان‌کی مۆن، سکرتێری گشتیی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەنجومەنی ئاسایش دەربڕیوە.
لەم نامەیەدا هاتووە کە فڕۆکە شەڕکەرەکانی هێزی دەریایی ئەمریکا لە مانگی ئۆکتۆبردا حەوت جار لەسەر ئاسمانی قەراخ ‌ئاوەکانی شاری بووشەهر سنووریان بەزاندووە و لەم دواییانەشدا لە رێکەوتی ١ی نۆڤامبر تێکڕای هوشدارە رادیۆییەکانی ئێران پشت گوێ خستووە و هێڵی هەوایی سنووری ئێرانی بەزاندووە.
رێژیمی ئێران لەو نامەیەدا داوای لە بانی‌کی مۆن کردووە هەتا هوشداری بداتە ئەمریکا.
بەپێی ئاسۆشەیتێد پرێس، ئەم نامەیە رۆژی هەینی نێردراوە و هەتا کۆتایی ئەو رۆژە کۆشکی سپی هیچ دژکردەوەیەکی نیشان نەداوە.
وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا رایگەیاندووە، دوو فڕۆکەی جەنگیی ئێران، رێکەوتی ١١ی خەزەڵوەری لە کەنداو هێرشیان کردووەتە سەر پێهپادێکی ئەمریکایی و تەقەیان لێ کردووە.
ئەمریکا راشیگەیاندووە، کە ئەو پێهپادە لە سنووری هەوایی ئێراندا نەبووە و بەڵام وەزیری بەرگریی ئێران گوتوویەتی: هۆکاری تەقە کردن لەم فڕۆکەیە، هاتنی بۆ ئاسمانیی ئێران بووە.