کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران؛ ٢٤٧ شار لە دۆخی زۆر مەترسیداری کۆرۆنادان

11:25 - 24 رێبەندان 2721

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران کە ڕۆژی شەممە ٢٣ی ڕێبەندان بڵاو بووەتەوە، تەشەنەسەندی کۆرۆنا لە ١٢٠ شاری پڕمەترسی و بە ڕەنگی سوور گەیشتووە بە ٢٤٧ شار، بە شێوەیەک کە ١١٢ شار نارنجین و ٨٩ شاریش لە بارودۆخی زەرددان.

هەروەها لە ماوەی ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، ١٣٣ نەخۆش بەهۆی پەتای کۆرۆنا گیانیان لەدەست داوە و کۆی گشتیی قوربانییانی ئەو نەخۆشییە گەیشتووەتە ١٣٣ هەزار و ٥٧٠ کەس.

"ئالان تۆفیقی" پزیشک و لێکۆڵەر، هۆکاری بەرزبوونەوەی ئاماری کۆرۆنای بۆ ئاسایی زانینی بارودۆخەکە و بەکەمزانینی "ئۆمیکرۆن" گەڕاندەوە.

بە وتەی دوکتور "تۆفیقی"، ڕێکخراوی تەندروستیی جیهانی هۆشداریی دابوو کە ڕێکاری پێویست بۆ بەرگری لە شەپۆلی نوێی کۆرۆنا بگرنە بەر، لەوانە پەرە بە بەرنامەی واکسیناسیۆنی دۆزی سێهەم بدەن کە لە ئێران هەتا ئێستا کەمتر لە ٢٥ لەسەدی جێبەجێ کراوە.

سەرەڕای ئامارە ناڕوون و ناڕاستەکانی ڕێژیمی ئێران، "عەلی بەهادۆری جەهرۆمی" وتەبێژی ئەو ڕێژیمە وتوویەتی: "لە ٢٤ کاتژمێری ڕابردوودا، ١٨ هەزار و ٥٩٨ کەسی دیکە بە تووشی کۆرۆنا بوون و کۆی گشتیی نەخۆشەکانی کۆرۆنا لە ئێران گەیشتووەتە ٦ ملیۆن و ٧٨٠ هەزار و ٤٥٣ کەس".

هەروەها بەپێی میدیاکانی ڕێژیم، پێنج منداڵ لە پارێزگای "ورمێ" بە ئۆمیکرۆن گیانیان لەدەست داوە.