کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران لەگەڵ کەمیی ١٥٠ جۆر دەرمان بەرەوڕووە

10:27 - 24 سەرماوەز 2721

"عەلی فاتمی" جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی بەرهەمهێنەرانی دەرمانی ڕێژیم وتوویەتی: "پێشتر بۆ دەرمانی هەندێک نەخۆشیی تایبەت و چەند جۆر دەرمانی بیانی کەمیمان هەبوو، بەڵام ئێستا لە دەرمانەکانی وەک تێتراسایکلین و کلیدینیۆم سیش کە بەرهەمێکی نێوخۆیین کەمیمان هەیە".

هەروەها باسی لەوە کردووە: "لە ئێستادا زیاتر لە ١٥٠ دەرمان یان بە گشتی دەست ناکەون یان ئەوەیکە بە کەمی دەست دەکەون و سەرەڕای کەمیی دەرمانی ئەنسۆلین، دژە خەمۆکی و گەشکە بۆ دەرمانی نەخۆشییەکانی سیستمی هەرس و ئانتی بیوتیکیش لەگەڵ کێشە بەرەوڕووین".

"عەلی فاتمی" ئیدعای ئەوە دەکات: "چونکە دراوی دەوڵەتی لە کاتی پێویستدا بۆ هاوردەکردنی ئەو دەرمانانە تەرخان ناکرێت، دەبێتە هۆی ئەوەیکە لەگەڵ کەمیی دەرمان بەرەوڕوو ببینەوە و چونکە دەرمانێکی جێگرەوەمان نییە هاووڵاتییان بۆ دابینکردنی ئەوە دەرمانانە تووشی کێشە دەبن".

هەروەها زیادی کردووە: "بەرهەمە نێوخوییەکان دراوی ٤٢٠٠ تمەنیان پێ نادرێت، لە حاڵێکدا ماددەی پاڵەکی و مووچەی پێرسۆنێلەکان لەسەر نرخی کۆتایی بەرهەمە نێوخۆییەکان کاریگەریی هەیە و لەلایەکی دیکەوە دەفرایەتیی بەرهەمی کارخانەکانیش کەمی کردووە، لە ئەگەری ئەوەیکە دۆخەکە بەم شێوەیە بەرەوپێش بڕوات لە کۆتایی ساڵدا لەگەڵ کەمیی زۆری دەرمان بەرەوڕوو دەبینەوە".

"فاتمی" وتوویەتی، زۆربەی کەرەستەی سەرەتایی ئەو دەرمانانە هاوردەیین و دەبێ بە دراوی ٤٢٠٠ تمەنی هاوردە بکرێن و دەوڵەت پارەی ئەوەی نییە کە بتوانێت بودجەی پێویست بۆ بەرهەمهێنەران دابین بکات.