کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران لە بواری تووشبوونی کادری دەرمانییەوە بە کۆرۆنا پلەی سێیەمی جیهانی هەیە

13:20 - 3 خەرمانان 2720

نەبوونی پێداویستیی پزیشکی لە نەخۆشخانەکاندا، پرتووکاویی کەرەستەکان، ماندوویەتیی کادری دەرمان و گوێنەدان بە خواستەکانی کادری دەرمان، پزیشک و پەرستارەکان لە ئێراندا بووەتە هۆکاری ئەوەی کە ئێران پلەی سێیەمی تووشبوونی کادری دەرمان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای لە جیهاندا هەبێت.

"عەلیڕەزا زاڵی" فەرماندەی ستادی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ ڤایرۆسی کۆرۆنا لە تاران، ڕۆژی یەکشەممە ٢ی خەرمانان ڕایگەیاندووە: "ئاماری بەراوردکراو نیشان دەدات، پاش ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئامریکا و ڕووسیە، ئێران سێیەمین وڵاتی جیهانە کە سەرووترین ڕێژەی تووشبوونی کادری دەرمانی بە ڤایرۆسی کۆرۆنای هەیە".

ناوبراو ئەو کێشەیەی گەڕاندووەتەوە بۆ ماندوویەتیی کادری دەرمان و دانی بەوەدا ناوە کە ئەو ڕێژەیەی تووشبوونی کادری دەرمان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکانی ئێراندا زیاتر لە ئاستی جیهانییە.

"زاڵی"، نکۆڵیی لەوە کردووە کە نەبوونی کەرەستە و پێداویستییە پزیشکییەکان کاریگەریی لەسەر خراپتر بوونی ئەو دۆخە هەبووبێت و ڕایگەیاندووە کە ٣ لەسەدی گرووپە پەرستاری و پشتیوانییەکانی نەخۆشخانەکان، سەرەڕای هەبوونی کەرەستەی خۆپاراستن لە ناوەندە دەرمانییەکاندا بە ڕێژەی پێویست کەڵکیان لێ وەرنەگرتوون.

ئەو قسانەی فەرماندەی ستادی بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ قەیرانی کۆرۆنا لە تاران لە کاتێکدایە کە هەر لە سەرەتای دەستپێکی ڤایرۆسی کۆرۆناوە پزیشک و پەرستار و کادری دەرمانییەکان لە سەرتاسەری ئێراندا بەرانبەر بە نەبوونی کەرەستەی پێویستی پزیشکی و خۆپاراستن لە نەخۆشخانەکاندا ناڕەزایەتییان دەربڕیوە.