
بەرپرسانی وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران ڕایانگەیاندووە، ١٣ ملیۆن داتای ساختە لە سیستمی پێکوتە لە سەرتاسەری ئێران بڵاو کراوەتەوە.
دەنگ و ڕەنگی ڕێژیمی ئێران لە ڕاپۆرتێکدا بڵاوی کردەوە، سیستمی تۆمار و زانیاریی پێکوتەی "تی تەک" کێشەی هەبووە، هەروەها بەهۆی کەمتەرخەمی لە سیستمی نیزامی پزیشکی لە تۆماری زانیاریدا، ١٣ ملیۆن داتای ساختە تۆمار و بڵاو کراوەتەوە.
"حەیدەر محەممەدی" ڕاوێژکاری ڕێکخراوی دەرمان و خۆراکی ڕێژیم، "یەک دەورەبەڕێوەچوونی پرۆسە"کەی وەکوو پاساو بۆ دروستبوونی کێشەکە گەڕاندووەتەوە.
"حەیدەر محەممەدی" ڕاوێژکاری ڕێکخراوی دەرمان و خۆراکی ڕێژیم بۆ پاساوهێنانەوە وتوویەتی: "ڕێکخراوی نیزامی پزیشکی و هەندێک لە زانکۆکانی زانستی پزیشکی، بارکۆدەکانی تایبەت بە پرۆسەی پێکوتەکەیان زۆر درنگ تۆمار کردووە، هەر بۆیە لەو سیستمەدا بۆ پێکوتەی بەکارهێنراو، کاتی بەسەرچووی ڕابردوویان ڕاگەیاندووە".
"ئیبراهیم زەمانی" کارناسی ڕێکخراوی دەرمان و خۆراکی ڕێژیم لەمبارەوە وتوویەتی: "لەو سیستمەدا جگە لە ساختەکاری لە پرۆسەی بڵاوکردنەوەی داتای پێکوتە، داتای ساختەی جیاوازی دیکەش بڵاو کراونەتەوە".
سیستمی تۆماری پێکوتەی کۆرۆنا و هەروەها چاپی کارتی دیجیتاڵی پێکوتەی کۆرۆنا لە ماوەی ڕابردوودا چەندین جار تووشی کێشە بووە.
بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی ڕێژیمی ئێران، تا ئێستا نزیک بە ٦٠ ملیۆن کەس لە دەوری یەکەم و ٥٢ ملیۆن لە دەوری دووەم و ٧ ملیۆن کەس لە دەوری سێهەمدا پێکوتەی کۆرۆنایان وەرگرتووە.