کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران لە جاددەی ئەبریشم بێبەش دەبێت

22:59 - 18 بانەمەڕ 2718

کوردستان میدیا: کارناسانی گواستنەوە باسیان لەوە کردووە کە ئێران، پشکی لە جاددەی ئەبریشم‌دا نابێت.

بەپێی ڕاپۆرتە بڵاوکراوەکان، بە کرانەوەی بەندەری تورکمەن لە سەر ڕێگای جاددەی نوێی ئەبریشمدا، وڵاتی تورکمەنستان، دوو وڵاتی چین و ئورووپا پێکەوە گرێ دەدات.

لەو پێوەندییەدا کارناسانی گواستنەوە باسیان لەوە کردووه، ڕێژیمی ئێران تا ئێستا نەیتوانیوە هیچ پشکێکی لە جاددەی ئەبریشم بەر کەوێت، ئەوەش لە کاتێکدا کە هەڵکەوتی جوغرافیایی ئێران باشە.

ئەو کارناسانە باسیان لەوەش کردووە، سەرەڕای ئەوەیکە ڕێژیمی ئیران هەڵکەوتی جوغرافیایی باشی هەیە، بەڵام دەردەکەوێت کە ئەو ڕێژیمە لە حاڵی لە دەست دانی ترانزیتی کاڵا لە نێوان ئاسیا و ئورووپا دایه.

لە درێژەی ئەو ڕاپۆرتەدا کارناسانی گواستنەوە ئاماژەیان بەوەش کردووە، بە هۆی ئەوەیکە ڕێژیمی ئێران، سەرمایەگوزاریی پێویست لە گەشە پێدانی جاددەکان، ڕێگای ئاسنی و بەندەرەکاندا ناکات، بۆیە ڕێگای ترانزیتی کاڵا لە نێوان ئاسیا و ئورووپادا دەگوڕدرێت.

هەندێک لە کارناسانی دیکەش لەو باوەڕەدان کە فشارەکانی ئامریکا بووەتە هۆی ئەوەیکە ڕێژیمی ئێران لە جاددەی ئەبریشم بێبەش بێت.

بەندەری تورکمەن، ئیمکانی ئەوە دەدات کە ئەوبەر و ئەوبەری دەریای خەزەر، ئاسیا و ئاسیای ناوەندی لە ڕۆژهەڵات، هەروەها قەفقاز و تورکیە لە ڕۆژئاوادا پێکەوە گرێ بدات و ڕێگای پێوەندیی ئورووپا و ئاسیا کورتر بکاتەوە.

وڵاتانی ئاسایی ناوەندی لە هەوڵ دان لە چوارچێوەی پرۆژەی نوێی جاددەی ئەبریشمدا، ڕێگایەک هەڵبژێرن کە لە دەرەوەی سنووەکانی ئێرانەوە بێت.

دەوڵەتی چین ساڵی ٢٠١٣ی زایینی لە چوارچێوەی زیندووکردنەوەی جاددەی ئەبریشم هەوڵی داوە کە ڕێگاوبانە ئەسڵییەکانی ئاسیای ناوەندی بە ئورووپا پێکەوە گرێ بدات.

پانتایی بەندەری نوێی تورکمەن ١ میلیۆن و ٣٥٨ میتری چوار گۆشەیە، درێژایی ئەو بەندەرە ٤ کیلۆمیتر و هاوکات ١٧ کەشتی باری و مسافیرەتی دەتوانن لەو بەندەردا ڕابوەستن و چەندین تێرمیناڵی باربەری، مسافیرەتی و کانتینێری هەیە.