کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران لە دوای نیکاراگوئە کەمترین گەشەی ئابووری دەبێت

13:16 - 16 جۆزەردان 2719

کوردستان میدیا: بانکی جیهانی ئاشکرای کرد ئێران بۆ سێهەمین جار ئاستی بەرهەمهێنانی خاوی لە کەمترین پلەکاندایە.

بانکی جیهانی، لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا لەبارەی گەشەی ئابووریی جیهان، ئێرانی لە دوای وڵاتی "نیکاراگوئە" وەک خاوەنی کەمترین گەشەی ئابووری لە ساڵی ٢٠١٩دا دیاری کرد.

ئەم ناوەندە نێونەتەوەییە، لە مانگی یەکەمی ساڵی ٢٠١٩ پێشبینی کردبوو، کە گەشەی ئابووریی ئێران بە ڕێژەی ٦.٣ -% دەبێت، بەڵام لەم ڕاپۆرتە نوێیەدا ئەم ڕێژەییە بۆ ٥.٤ - % پێشبینی کردووە.

بانکی جیهانی، لە درێژەی ڕاپۆرتەکەیدا باسی لە بەرزبوونەوەی نرخی بەرچاوی هەڵاوسان لە ئێراندا کردووە و ڕایگەیاندووە: "نرخی هەڵاوسان لە نیوەی ساڵی ٢٠١٨دا بە ڕێژەی ١٠ % بووە، بەڵام لە مانگی ئاپریلی ئەمساڵدا ئەم ڕێژەیە بۆ ٥٢ % بەرز بووەتەوە".

هەر لەم پەیوەندییەدا، سندوقی نێونەتەوەییی دراو، لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا ڕایگەیاندبوو: گەشەی ئابووریی ئێران لە ساڵی ٢٠١٩ بە نزیکەی ٦ % کەم دەکات.

سندووقی نێونەتەوەییی دراو ڕایگەیاندووە: کە لە ساڵی ٢٠١٩ دا تەنیا وڵاتانی ئێران و سوودان گەشەی نەرێنیی ئابوورییان دەبێت.

دەوڵەتی ئامریکا دوای هاتنەدەرەوەی لە ڕێککەوتننامەی بەرجام، گەمارۆی ئابووری لە دوو خولدا بۆ سەر ڕێژیمی ئێران وەگەڕ خست، کە کاریگەریی ڕاستەوخۆی لەسەر گەشەی ئابووریی ڕێژیمی ئێران هەبووە و بەشێوەیەکی بەرچاو بووەتە هۆی دابەزینی نرخی پارەکەی و بەرزبوونەوەی نرخی هەڵاوسان.