کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران لە١٠ ساڵی داهاتوودا تووشی قەیرانی کەم ئاوی دەبێت

17:40 - 21 خەزەڵوەر 2720

"عیسا کەلانتەری" سەرۆکی ڕێکخراوی ژینگەیی ڕێژیم وتوویەتی لە ساڵی ١٤١٠ بەدواوە ئێران لەگەڵ کێشەی بێئاویی بەرەوڕوو دەبێت بە جۆرێک کە چارەسەرکردنی مەحاڵ دەبێت و تەنانەت گواستنەوەی ئاوی زەریاش کێشەکە چارەسەر ناکات.

پێشتریش "عیسا کەلانتەری" بەرپرسی ڕێکخراوی ژینگەپارێزیی ڕێژیم، پێشبینی ئەوەی کردبوو کە هەتا ٥٠ ساڵی دیکە پاشکەوتی ئاوی ژێرزەوینی لە ئێراندا کۆتایی پێ دێت و هەروەها یەکێکی دیکە لە بەرپرسانی ڕێژیم باسی لە ئاڵۆزی و قەیرانی ئاو لە ٣٣٠ شاری ئێران، بە زیاتر لە ٣٠ میلیۆن حەشیمەتەوە کردووە.

کێشەی کەم‌ئاوی و نەبوونی ئاوی پێویست لە ئێراندا، هەڕەشەیەکی گەورەیە بۆ سەر ژیانی هاووڵاتییان و ئەوەش لە کاتێکدایە کە ڕێژەی کەڵک وەرگرتن لە ئاو لەو وڵاتەدا زۆر زیاتر لە ستانداردی جیهانییە.

وڵاتی ئێران به بەکارهێنانی لەسەدا ٨٠ی سەرچاوە ئاوییەکانی کە ئاویان تێ دەزێتەوە، هێڵی سووری جیهانی تێپەڕ کردووە.

پسپۆڕانی ژینگە لەمەڕ کێشەی بێ‌ئاوی لە ئێراندا هۆشدارییان داوە کە؛ کەڵک وەرگرتنی بێ‌سنوور و ناستاندارد لە ئاوە ژێرزەوینییەکان و گۆڕینی جوغرافیای سروشتی بەهۆی گەڵاڵەکانی ڕێژیم، بۆ وێنە سازکردنی بەنداوەکان، لە هۆکارە سەرەکییەکانی هاتنە ئارای ئەم دۆخەن.

دروستکردنی بەنداو، وەرزێڕی سووننەتی و بێ بەرنامە و هەروەها سیاسەتە هەڵەکانی ڕێژیم قەیرانی ئاویان کردووەتە پرسێکی ئەمنییەتی.