کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران لە نایەکسانیدا پلەیەکی باشی بەدەست هێناوە

11:36 - 13 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: لە پێوەری یەکسانی ڕەگەزی ڕێژەی کاردا، ئێران لە دوایین پلەکاندا بوو بە چوارەم.

بەپێی ڕاپۆرتی بانکی جیهانی لەسەر پێوەری یەکسانی ڕەگەزی لە جیهاندا، لە دەیەی ڕابردوودا، هیچ کام لە وڵاتانی دنیا لە یاساکانیاندا بە شێوەی یەکسان لەگەڵ ژن و پیاو هەڵسوکەوتیان نەکردووە و لە ١٠ ساڵی ڕابردوودا، ئەم بابەتە تەنیا لە ٦ وڵاتدا ڕەچاو کراوە.

لەم ڕاپۆرتەدا دوای عەرەبستانی سعوودییە و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و سوودان، ئێران نزمترین پلەی لەو بوارەدا هەیە.

بۆ هەڵسەنگاندنی هەبوونی ئەم یاسا لە وڵاتانی دنیادا، لێکۆڵینەوەیەکیان لەژێر ناوی "ژنان، کار و یاسای ٢٠١٩: یەک دەیە چاکسازی" ئەنجام داوە، کە هەڤیازیی (امتیاز) هەر وڵاتێک بە کەڵکوەرگرتن لە ٣٥ پێوەری جیاواز هەڵسەنگێندراوە، کە لەسەر یاساگەلێکی کاریگەریی لەسەر تواناییی ژنان بۆ کار و ژیانی ئازادانە هەیە، چڕ بووەتەوە.

زانیارییەکان بەسەر ٨ بەشدا دابەش کراون کە بریتین لە: گەڕان بۆ کار، دەسپێکردنی کار، وەرگرتنی مووچە، پێکهێنانی ژیان، منداڵداری، بەڕێوەبردنی کار و پیشەیەک، بەڕێوبەرایەتی دارایی و وەرگرتنی مووچەی خانەنشینی.

 لە درێژەدا لێکۆڵەران بۆ هەڵسەنگاندنی پێوەری یەکسانی ڕەگەزی لە شوێنی کاری هەر وڵاتێک پرسیارگەلێکیان وەکوو: ئایا بەپێی یاسا ژنێک دەتوانێت وەکوو پیاوێک بۆ وەرگرتنی تێپەڕنامە (پاسپورت) هەوڵ بدات؟ ئایا بەپێی یاسا ژنێک دەتوانێت لە پیشەی خۆیدا وەکوو پیاوان کارێک هەڵ ببژێرێت؟ ئایا بەپێی یاسا واژۆی گرێبەست بۆ ژنێک وەکوو پیاوێکە؟ ئایا یاسای سەرپەرەشتیی بنەماڵە بۆ ژن و پیاو وەکوو یەکە؟

سەرەنجام لێکۆڵەران بەپێی پێوەرگەلی ئاماژەپێکراو بەو ئامانجەی دەگەن، کە بەپێی پلەبەندی (٠تا١٠٠)، ئێران کەمتر لە یەک سێهەمی هەڤیازی واتا ٣١/٢٥ ـیان بە دەست هێناوە، کە نیشاندەری ئەوەیە کە یاساکانی ڕێژیمی ئێران هەڵاواردنان و هۆکاری نایەکسانی لە شوێنی کار و کۆمەڵگایە، بە شێوەیەک کە مافی ژنان لەم وڵاتەدا کەمتر لە یەک سێهەمی پیاوانە.

هەڤیازیگەلێ کە ئێران لەو لێکۆڵینەوەدا، لە ٨ گرووپ لە پێوەرەکانی بە دەست هێناوە بەم شێوەیەیە:

یاسای بەرانبەر بۆ گەڕان بە دوای کاردا (٠)، یاسای یەکسان بۆ دەستپێکردنی کار (٠)، یاسای یەکسان بۆ وەرگرتنی مووچە (٥٠)، یاسای یەکسان بۆ پێکهێنانی ژیان (٠)، یاسای یەکسان لە منداڵداریدا (٦٠)، یاسای یەکسان لە بەڕێوەبردنی کار و پیشە (٧٥) یاسای یەکسان لە بەڕێوەبەرایەتی دارایی (٤٠)، یاسای یەکسان بۆ وەرگرتنی مووچەی خانەنشینی (٢٥).