کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران لە هێرشی ئامریکا ترسی لێ نیشتووە

12:24 - 10 بەفرانبار 2719

کوردستان میدیا: پاش هێرشەکانی ئامریکا بۆ سەر بنکەی هێزە نیابەتییەکانی سەر بە ڕێژیمی ئیران لە عێراق، بەرپرسانی ڕێژیم کاردانەوەیان نیشان داوە.

ڕۆژی یەکشەممە، ٨ی بەفرانبار، هێزەکانی ئامریکا هێرشیان کردە سەر بنکەکانی "کەتائیبی حیزبوڵڵا" لە عێراق کە لە ئاکامدا ٢٥ میلیشیای نیزامیی شیعە کوژران و ٥٥ کەس بریندار بوون. لەمبارەوە بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران و دەوڵەتی عێراق کاردانەوەیان نیشان دا.

"محەممەد جەواد زەریف"، وەزیری دەرەوەی کاروباری ڕێژیم، ڕۆژی دووشەممە، ٩ی بەفرانبار، لە سەردانیدا بۆ مۆسکۆ، ڕەخنەی لەو هێرشانە گرتووە و وتوویەتی، ئامریکا بە بیانووی بەرگری لە خۆی، خەڵکی عیراق و سووریەی کێشاوەتە خاک و خوێندا.

لە لایەکی دیکەشەوە، یەک ڕۆژ پاش ئەو هێرشانە، سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران کاردانەوەی نیشان داوە و وتوویەتی، تۆڵە و وڵامدانەوە، مافی سروشتیی خەڵکی عێراق و هێزەکانی ئەو وڵاتەیە. هەروەها ئامریکای بە هۆکاری نائارامی لە ناوچەکە ناو لێ بردووە.

هەرلەو پەیوەندییەدا، "عەلی سیستانی"، سەرچاوەی تەقلیدی شیعەکانی عێراق، ئەو هێرشانەی مەحکووم کردووە و ڕایگەیاندووە، عیراق نابێ ببێتە شوێنیک بۆ پاکانە حسێبی نێودەوڵەتی.

شۆرای تەناهیی میللیی عێراقیش لە بەیانییەیەکدا ڕایگەیاندووە، هێرشە ئاسمانییەکانی ئامریکا، وڵاتەکەی ناچار بە پێداچوونەوە بە هاوکاری لەگەڵ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بە ڕێبەرایەتیی ئامریکا دژ بە داعش دەکات.

هەروەها دەفتەری "عادڵ عەبدولمەهدی"، بەڕێوبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراق ڕایگەیاندووە، سەرۆکوەزیران هێرش بۆ سەر هێزە چەکدارەکانی عێراق بە هێرشێکی شەڕخوازانە و قبوڵنەکراو ناو لێ برد کە لێکەوتەی مەترسیداری بە دواوەوە دەبێت.

وەزارەتی بەرگریی ئامریکا، "پێنتاگۆن"، ڕۆژی دووشەممە، ٩ی بەفرانبار، ڤیدیۆیەکی لە هێرشەکانی سەر بنکەکانی "کەتائیب" بڵاو کردەوە کە لە کۆی ٥ بنکەکە، ٣ بنکە لە عێراقدا و ٢ بنکەی دیکە لە سووریەدا هێرش کراوەتە سەریان.

لە بەرانبەردا بەرپرسانی ئامریکایی ئەو هێرشانەیان بە دروست زانیوە و لەو بارەوە بەم شێوازە دواون:

"مایک پۆمپێئۆ"، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان: "خەڵکی ئێران تێگەیشتوون کە ڕێژیمی ئێران پارەکانیان بۆ تێرۆریزم لە عێراق و وڵاتانی تر خەرج دەکات".

"جان بۆڵتۆن"، ڕاوێژکاری پێشووی تەناهیی نەتەوەیی ئامریکا: "ئێران بۆ پشتیوانی لە تێرۆریزم دەبێ نرخێکی قورس بدات".

"لیندزی گراهام"، سێناتۆری کۆماریخواز: "ڕێژیمی ئیران تەنیا زمانی زەبر دەزانێت".

"مارکۆ ڕۆبیۆ"، سێناتۆری کۆماریخواز: "ئێران هاتووەتە نێو کایەیەکی مەترسیدارەوە و ئەگەری هەیە دۆخەکە دووبارە ببێتەوە و ببێت بە پێکدادانی بەرین".

"تام کاتن"، سێناتۆری کۆماریخواز: "هێرش بۆ سەر گرووپە چەکدارەکانی سەر بە ڕێژیمی ئیران وڵامێکی گونجاو بۆ کوشتنی پەیمانکاری ئامریکایی بوو".