کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران لە هەوڵ دایە سووریە بکاتە پایگایەک بۆ شەڕ دژی ئیسرائیل

12:17 - 27 بانەمەڕ 2721

''نیکۆلاس هەراس'' لێکۆڵەری باڵای دامەزراوەی لێکۆڵینەوە و توێژینەوەی ستراتیژیکی ئامریکا باسی لەوە کردووە کە ڕێژیمی ئێران هەوڵ دەدات سووریە بکاتە پایگایەکی نیزامیی درێژماوە بۆ سپای پاسداران و خاکی ئەو وڵاتە بۆ ئەگەری شەڕ دژی ئیسرائیل ئامادە بکات.

ئەو کارناسە ئامریکاییە لە وتووێژ لەگەڵ کاناڵی ئەلعەرەبییە وتوویەتی: ''کردنەوەی کۆنسولگەریی ئێران لە حەلەب بەشێکی بنەڕەتی لە هەوڵەکانی تاران بۆ پێکهێنانی پێوەندییەکی تایبەت لەگەڵ هێندێک لە دانیشتوانی ئەو ناوچەیە''.

ناوبراو وتوویەتی، دەوڵەتی جۆ بایدن نایهەوێت کە حوزووری ئێران لە سووریە بکاتە بەربەستێک بۆ ڕێککەوتنی نوێی ناوکی لەگەڵ ئێران .

ناوبراو وتوویەتی تیمی بایدن گرینگییەک بە دزەی کۆمەڵایەتی و سیاسیی ئێران لە کۆمەڵگای سووریە نادات، بەڵکوو ئەوە لەبەرچاو دەگرێت کە کە سپای پاسداران چۆن سووریەی کردووەتە ڕێرەوێکی گەیاندنی مووشەک بۆ لوبنان.

هەر لەو پێوەندییەدا چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە دوو ڕوژ لەمەوبەر لە ڕاپۆرتێکدا باسی لەوە کرد کە ڕێژیمی ئێران میلیشیا چەکدارەکانی بۆ لای خۆی ڕاکێشاوە و ئەوانی بۆ شاری ئەلمەیادین لە سووریە ناردووە.

ئەو ڕێکخراوە مافی مرۆییە باسی لەوە کردووە کە میلیشیا چەکدارەکانی سەر بە ئێران ٥٨ کەسی شەڕخوازی نوێیان ڕاهێناوە.

چاوەدێری مافی مرۆڤی سووریە جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە ئەو کەسانە لە مانگدا نزیکەی ٣٠ دۆلار وەکوو حەقدەست و کەلوپەلی خۆراکی وەردەگرن و هەروەها بنەماڵەکانیان بۆ چارەسەری پزیشکی  بەخۆڕایی لە ناوەندە درمانییەکانی ئێران لە سووریە کەڵک وەردەگرن.