کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران؛ ناڕەزایەتیی خانەنشینکراوانی پیشەی نەوت و شەبەکەی موخابرات لە زۆربەی شارەکان بەردەوامە

12:30 - 24 خاکەلێوه 2722

ڕۆژی سێشەممە ڕێکەوتی ٢٣ی خاکەلێوە خانەنشینکراوانی شیرکەتی موخابرات لە تاران کۆبوونەوەیەکی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

خانەنشینکراوان لەهەمبەر دۆخی خراپی ژیان و بەدوادانەچوون بۆ داواکانیان ناڕەزایەتییان نیشان داوە و لەلایەن هێزی ئینتزامیی ڕێژیمەوە پێشیان پێ گیراوە و خەڵک دراونەتە بەر لێدان و کوتان و چەند کەسێک دەسبەسەر کراون.

ناڕازییان داوای بەڕێوەچوونی هەموو ڕێساکانی ئەو شیرکەتە بە شێوەی دروست و گەیاندنی مووچەی دواکەوتووی ١٣ ساڵەی خۆیان دەکەن.

لەلایەکی دیکەوە خانەنشینکراوانی پیشەی نەوت لە زۆربەی شارەکانی ئێران و کوردستان کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

ناڕازییان لە شارەکانی "کرماشان، تاران، ئەهواز، تەورێز و کەرەج" لە بەردەم ئیدارەی خانەنشینکراوانی ئەو شارانە کۆبوونەوەی ناڕەزایەتییان بەڕێوە برد.

ئەوان لەبابەت دۆخی خراپی ژیان و کەمیی مووچەی مانگانەیان ناڕەزایەتییان بەڕێوە بردووە و داوای بەڕێوەچوونی تەواوی گەڵاڵەی هاوسانسازییان کردووە.