
"فەخرەدین ئەحمەدی" بەرپرسی یەکیەتی فرۆشیارانی باڵندە و ماسی وتوویەتی: "لە ئەمساڵدا ڕێژەی ڕاوی ماسی بەنیسبەت ساڵی ڕابردوو کەمی کردووە و بەو پێیە نرخی چەند جۆری ماسی بۆ ٧٠ هەتا ٨٠ لەسەد بەرز بووەتەوە".
"ئەحمەدی" لە درێژەدا وتی کە نەبوونی بەڕێوبەریی شیاو و باش و هەروەها کارزان و لێهاتوو لە پیشەی گیاندارانی نێو ئاو بووەتە هۆکاری ناڕێکی و هەڵکشانی نرخی ماسی.
لە حاڵێکدا ڕۆژی دووشەممە ١٥ی سەرماوەز "ئیبراهیم ڕەئیسی" سەرکۆماری ڕێژیمی ئێران لە سێهەمین وتووێژی تێلێڤیزیۆنیدا بە خەڵکی وتبوو کە هەڵاوسانیان کۆنترۆل کردووە و خەریکە نرخەکان دادەبەزن، بەڵام بەپێی ڕاپۆرتی فەرمیی وەزارەتی "تەعاون، کار و خۆشبژێوی کۆمەڵایەتی"، نێونجی نرخ نزیک بە ٨٣.٣ لەسەدی جۆرەکانی خواردەمەنی سەرووتر لە ڕێژەی قەیرانە.
هەروەها بەپێی ئامارەکان ٤٠ لەسەدی خەڵکی کوردستان و ئێران تووشی هەژاریی خواردەمەنی بوون.