مانگی بانەمەڕی ساڵی ڕابردوو واتا یەک ساڵ لەمەوبەر ڕۆژنامەی "کەیهان" سەر بە خامنەیی لە سەردێڕی لاپەڕەی یەکی ڕۆژنامەی خۆیدا بڵاوی کردبووە هەر بۆشکە نەوتێک دەگاتە ١٠٠ دۆلار.
پێشبینیی کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران هەڵە دەرچوو و نرخی هەر بۆشکە نەوتێک لە مانگی بانەمەڕی ئەمساڵدا گەیشتە سفر دۆلار.
لە ئێستادا هەر بۆشکە نەوتێک ٤٠- دۆلارە واتا پارە بە کڕیارانی نەوتیش دەدەن هەتا نەوت بکڕن.
ڕێژیمی ئێران پێشبینییەکەی ئەوە بوو ئەگەر ئامریکا ئەو وڵاتانەی کە نەوت لە ئێران دەکڕن لێیان خۆش بێت ئەوە نرخی نەوت بەرز دەبێتەوە و دەگاتە ١٠٠ دۆلار.
کاربەدەستانی ڕێژیمی ئێران لە سەر بنەمای ئەو پێشبینییەی بودجەی ساڵی ٩٩یان لەسەر نەوتی ٥٧ دۆلاری بەست.
بەپێی لێکۆڵێنەوەکان، ڕێژیمی ئێران لە باشترین دۆخدا دەتوانێت ٥٠٠ هەزار بەرمیل نەوت بفرۆشێت.
بودجەی ئەمساڵی ئێران نزیک به ٢٠٠ هەزار میلیارد تمەن کەسریی هەیە. ڕێژیم بۆ پڕکردنەوەی ئەو بودجەیە بڕیاری داوە ماڵیات لە خەڵک وەربگرێت.
لە بودجەدا باس لە ماڵیات کراوە و لەلایەکی دیکەشەوە ئاماژە بەوە کراوە کە پیشە بدەینە دەستی کەرتی تایبەت، بەڵام ئەوەش ئیدعایە چونکە سپا دەستی بەسەر ئابووریی ئێراندا گرتووە.
بودجەی ساڵی ٩٨ تەنیا کۆمەڵێک بەڵگەی نووسراوەیە کە لە بنەڕەتدا هیچ لەگەڵ دۆخی ئابووریی ئێران یەک ناگرێتەوە و تەنیا دروشمە.