کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران و ڕووسیە لەسەر مانەوەی بەشار ئەسەد کێشەی جیدییان هەیە

16:23 - 13 خەزەڵوەر 2715

کوردستان میدیا: ڕێژیمی ئێران و ڕووسیە کە لە سەرەکیترین پشتیوانانی ئەسەد ئەژمار دەکرێن و لە شەڕی سووریەدا بۆ مانەوەی ئەسەد دژی ئۆپۆزیسیۆنی ئەو وڵاتە شەڕ دەکەن، هەنووکە بۆ مانەوەی بەشار ئەسەد کێشەی جیدییان هەیە.

شەڕی سووریە ماوەی ٥ ساڵە بەردەوام لەو وڵاتە درێژەی هەیە و هەتا ئێستا ڕێژیمی تیرۆریستیی ئێران کە سەرەکیترین پشتیوان و دابین‌کەری بواری ماڵی و نیزامیی ئەو وڵاتە بووە و ڕووسیەش لەو ئاقارەدا لەگەڵ ئەو ڕێژیمە جەنایەتکارەدا هاوکاری کردووە، هەنووکە بۆ مانەوەی ئەسەد لە دەسەڵاتدا کێشەی زۆر جیدییان هەیە.

ماریا زاخاروا، وتەبێژی وەزارەتی کاروباری دەرەوەی ڕووسیە لە پرێس‌ کۆنفڕانسێکدا لە کۆشکی کرێملین جەختی کردەوە کە لەسەر مانەوە یا نەمانی بەشار ئەسەد کێشەی نییە، بەڵام گۆڕانی ڕێبەری حکومەت دەبێ تەنیا لە ڕێگای هەڵبژاردنی خەڵکەوە جێبەجێ بکرێت.

ناوبراو هەروەها گوتی کە ماونەوەی ئەسەد بنەمای سەرەکی بۆ مۆسکۆ نییە.

ئەو لێدوانەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کاروباری ڕووسیە، دەرخەری ئەوەیە کە ڕوانگەی ڕووسیە بەنیسبەت شەڕی سووریە گۆڕدراوە.

هەواڵدەریی ڕۆیتێرز لەو بارەیەوە بڵاوی کردەوە کە ئەو لێدوانانە دەرخەری ئەوەن کە ئینشعابێک لە نێوان مۆسکۆ و تاراندا سەبارەت بە پشتیوانی لە ئەسەد پێکهاتووە.
محەممەدعەلی جەعفەری فەرماندەی گشتیی سپای تیرۆریستی پاسدارانی ئێران، ڕۆژی ڕابردوو ڕێکەوتی ١١ی خەزەڵوەری ١٣٩٤ی هەتاوی ڕایگەیاند کە ڕووسیە لە سووریەدا بەدوای بەرژەوەندییە تایبەتییەکانی خۆیەوەیە.

جەعفەری هەروەها گوتی، ڕەفیقی باکووریمان کە ئێستا لە سووریەدا هاتووەتە یارمەتیمان، بەدوای بەرژەوەندییەکانی خۆیەوەیە و ئەگەری ئەوە هەیە کە وەک ئێمە لەسەر مانەوەی ئەسەد پێداگر نەبێت، بەڵام لە هەر حاڵدا ئێستا لەگەڵ ئێمە لەو شەڕەدایە.

دوای دانیشتنی ڤییەن و کۆبوونەوەی دوو قۆڵیی سێرگێئی لاوڕۆف و جان کێری، وەزیرانی دەرەوەی ڕووسیە و ئامریکا سەبارەت بە چارەسەریی کێشەی سووریە هەڵوێستێکی نەرمتری گەرتووەتە بەر و لەسەر مانەوەی ئەسەد پێداگر نیە.

شەڕی سووریە بە هاوکاریی و پشتیوانیی ڕێژیمی ئێران درێژەی هەیە و دوای ناردنی هێزی نیزامی لە لایەن ئەو ڕێژیمە جینایەتکارەوە، ژمارەیەکی بەرچاو لە هێزەکانی ئەو ڕێژیمە کوژراون.