کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران کەشتیی هەڵگری سووتەمەنیی خۆی بۆ حیزبوڵڵا دەنیرێت

18:21 - 28 گەلاوێژ 2721

"حەسەن نەسروڵڵا" ڕێبەری گرووپی حیزبوڵڵا لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ لایەنگرانی خۆی ڕایگەیاند کە کەشتیی هەڵگری سووتەمەنی بە زووترین کات دەکاتە لوبنان.

ناوبراو ئەو قسانەی بەبۆنەی تاسووعا و عاشوورا کردووە و وتوویەتی ئێران هیچ کات پشتی هاوپەیمانەکانی خۆی بەر نەداوە.

"نەسروڵڵا" جەختی کردووەتەوە: "لە ماوەی ٤٠ ساڵی ڕابردوودا ئێران دەستێوەردانی لە کاروباری لوبناندا نەکردووە و ئێمە لە تەنیشت ویلایەتی فەقیهی خۆمانین".

ڕێبەری ئەو گرووپە ڕوو بە ئامریکا و ئیسرائیل هۆشداریی داوە کە ئەو کەشتییە هەتا کاتێک دەگاتە لوبنان وەک خاکی ئەو وڵاتە حیسابی بۆ دەکرێت.

لوبنان بەهۆی ئەوەیکە لەلایەن ئامریکا گەمارۆی خراوەتە سەر ناتوانێت ئەو باری ئەو کەشتییە خاڵی بکات.

پێشتر "حەسەن نەسروڵڵا" ڕێبەری گرووپی تێرۆریستیی حیزبوڵڵای لوبنان، سەبارەت بە قەیرانی سووتەمەنی وتبووی: "لە ئێران بە ڕادەی پێویست سووتەمەنی هەیە و کەشتییەکان پڕ بوونه و چاوەڕێی کڕیارن".

لوبنان خراپترین دۆخی ئابووری دایە و هەتا ئێستا کابینەی نوێی ئەو وڵاتە دروست نەکراوە.