کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران کە خۆی تێکدەری وڵاتی عێراقە، تورکیە بە پێشێلکەری سەرەورییەکانی عێراق دەزانێت

11:27 - 10 رەشەمه 2720

دوای ئەوەی کە باڵوێزی ڕێژیمی ئێران لە بەغدا وتبووی کە تورکیە سەروەرییەکانی عێراق پێشێل دەکات، باڵوێزی تورکیە لە عێراق لە تویتێری خۆیدا نووسیبووی: ''بە ڕای من باڵوێزی ئێران دوایین کەسێکە کە دەتوانێت وانەی ڕێزگرتن لە سنوورەکانی عێراق بڵێتەوە''.

''ئیرەج مەسجێدی'' ڕۆژی شەممە ٩ی ڕەشەمە وتبووی، ئێران بوونی هیچ چەشنە هێزیکی دەرەکی لە عێراق و دەستێوەردانی نیزامی قەبووڵ ناکات و هێزەکانی تورکیە دەبێ لە عێراق پاشەکشە بکەن و هەڕەشەیەک ڕووبەڕووی خاکی عێراق نەکەن.

ناوبراو وتبووی، تورکیە دەبێ بگەڕێتەوە سەر سنوورەکانی خۆی و ئەمنییەتی سنوورەکانی عێراق پێوەندییەکی بە تورکیەوە نییە و ئەمە بابەتێکی نێوخۆیی عێراقە.

دوای ئەو قسانەی باڵوێزی ڕێژیمی ئێران، ''فاتێح یەلدیز'' باڵوێزی تورکیە لە عێراق لە تویتێری خۆیدا نووسیبووی: ''بە ڕای من باڵوێزی ئێران دوایین کەسێکە کە دەتوانێت وانەی ڕێزگرتن لە سنوورەکانی عێراق بڵێتەوە''.

لە کاردانەوە بەو قسانە ''محەممەد ئەلحەلبوسی'' سەرۆکی پارلمانی عێراق داوای لەو دوو باڵوێزە کردووە سەریان لە کاری خۆیاندا بێت و لە بابەتێکدا کە پێوەندیی بە ئەوانەوە نییە دەستێوردان نەکەن و ڕێز بۆ سەروەرییەکانی عێراق دابنێن.

قسەکانی باڵوێزی ڕێژیمی ئێران لە حاڵێکدایە کە ڕێژیمی ئێران بە هەموو شێوازێک دەست لە کاروباری عێراق وەردەدات و لە ڕێگای گرووپە میلیشیا چەکدارەکانیەوە سەقامگیریی ئەو وڵاتەی تێک داوە، هەروەها بەردەوام ناوچە شاخاوییەکانی هەرێمی کوردستان تۆپباران دەکات.