کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران یەکێک لە خەمۆکترین وڵاتانی جیهانە

13:04 - 25 خاکەلێوه 2719

کوردستان میدیا: خەڵکی ئێران بە نیسبەت وڵاتانی جیهان لە نزمترین ئاستی شادیدا ژیان بەسەر دەبەن.

ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان، لە نوێترین ڕاپۆرتی خۆیدا، لەژێر ناوی ڕاپۆرتی جیهانیی شادی، (World Happiness Report)، بڵاوی کردەوە، کە تێیدا ئێران لە نێو ١٥٦ وڵاتی جیهان پلەی ١١٧ی وەدەست هێناوە.

لەم ڕاپۆرتەدا، پێوەرەکانی وەک هیوا بە دواڕۆژ و ژیانی باشتر، هەل و دەرەتانی کار و پیشە، دابینکردنی پێداویستییە کۆمەڵایەتییەکان، ئازادییە تاکەکەسییەکان، ڕێژەی نایەکسانی و هەڵاواردن و ئاستی فێرکاری لەبەرچاو گیراون.

لەم ڕاپۆرتەدا، وڵاتانی دێموکراتیکی وەکوو: فەنلاند، دانمارک، نۆروێژ، ئیسلەند، هولەند، سویس و سوئید زۆرترین ئاستی شادیان تۆمار کردووە.

هەروەها ئێران بە پلەی ١١٧، لە پاڵ وڵاتانێکی وەکوو: سووریە و عێراق و سوودان لەم ڕیزبەندەدا جێگیر بووە.

لە ئێرانی ژێردەسەڵاتی ڕێژیمی دیکتاتۆری ئیسلامیدا، هەژاری، بێکاری، هەڵاواردن، نەبوونی ئازادی، خۆکوژی، گرانی و دەیان دیاردەی ناحەزبوونی هەیە.

هەر لەم پێوندییەدا، مانگی ڕەشەمەی ٩٧هەتاوی، عبدولڕەزا ڕەحمانیی‌فەزڵی، وەزیری نێوخۆی ڕێژیمی ئێران، لە دانیشتنی ئەنجومەنی کۆمەڵایەتی باسی لەوە کردووە، کە گرووپەکان و میدیاکان شادی و دڵخۆشیان لە خەڵک سەندووەتەوە.

ئەوە لە حاڵێکدایە، کە لە ئێستادا خەڵک لە ئێراندا زۆر بە زەحمەت دەتوانن نانی شەویان دابین بکەن و بەشی زۆری هاووڵاتییانی ئێران لە ژێر هێڵی هەژاریدان و  ڕۆژ بە ڕۆژ دۆخی ژیان بەرەو خراپی دەڕوات و خەڵک هیچ دڵخۆشییەکی نەماوە.