کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران: ئەگەر گەمارۆکان هەڵنەوەشێنەوە، مانگی ڕەشەمە لە پرۆتۆکۆلی لکێندراو دەچینە دەرەوە

10:40 - 27 رێبەندان 2720

''عەلی ڕەزا زاکانی'' بەرپرسی ناوەندی توێژینەوەکانی مەجلیسی ڕێژیمی ئیران، بە ئاماژەدان بە پەسەندکراوی مەجلیس بۆ هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان، هۆشداریی دا کە ئەگەر ئامریکا، ئاڵمان، بریتانیا و فەرانسە دەست بەکار نەبن، لە مانگی ڕەشەمەدا ئێران لە پرۆتۆکۆلی پەیوەستکراو بە قەدەغەکردنی پەرەپێدانی چەکی ناوکی دێتە دەرەوە.

ناوبراو ڕۆژی یەکشەممە ٢٦ی ڕێبەندان لە دانیشتنی مەجلسی ڕێژیمی ئێران لە بابەت ڕێکەوتنی بەرجام و گرژییەکانی نێوان ئێران و ئامریکا وتی: "بەرجام ڕێکەوتنێکە کە جگە لە هەڵوەشاندنەوەی گەمارۆکان، لەسەر پێی خۆی نامێنێتەوە''.

کەمتر لە دە ڕۆژ دەرفەت بۆ ''حەسەن ڕووحانی'' ماوە کە ئەگەر ئامریکا گەمارۆکان هەڵنەوەشێنێتەوە، پەسەندکراوی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران بەکردەیی بکات، بەپێی ئەو پەسەندکراوە ئەگەر ئامریکا هەتا ڕێکەوتی ٣ی ڕەشەمە ساڵی ٩٩ گەمارۆکان لەسەر ئێران لا نەبات، ڕێژیمی ئێران لە پرۆتۆکۆلی پەیوەستکراو بە قەدەغەکردنی پەرەپێدانی چەکی ناوکی دێتە دەرەوە و چاوەدێرییەکان بەسەر دامەزراوە ناوکییەکان ڕادەگرێت.

''محەممەد جەواد زەریف'' ڕێکەوتی ٢٢ی ڕێبەندان وتبووی: ''ئێران بە دوای ئەوەوە بوو کە بە هاتنە سەرکاری ''جۆ بایدن'' ئامریکا ڕێکارێکی نوێ ئەزموون بکات، بەڵام بەهۆی وەدرەنگ خستن، ئەو پەنجەرەیە لە حاڵی داخستندایە''.

''عەلی خامنەیی'' ڕێکەوتی ١٩ی ڕێبەندان لە دیدار لەگەڵ فەرماندەکانی هێزی هەوایی باسی لەوە کردبوو، ئامریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوایی مافی دانانی هیچ چەشنە مەرجێکیان نییە و ئێران کاتێک پابەند بە بەڵێنیەکان دەبێت کە ئامریکا هەموو گەمارۆکان لە کردەوەدا هەڵبووەشێنێتەوە.

بەڵام ''جۆ بایدن'' سەرکۆماری ئامریکا لە وڵامی پرسیاری هەواڵنێری تێلێڤیزیۆنی ''سی بی ئێس'' کە لێی پرسی "ئایا گەمارۆکانی سەر ئێران لا دەبات هەتا ئەو وڵاتە بێتەوە سەر مێزی دانووستاندن"، بە ڕاشکاوی وتبووی "نا".

هەروەها ''زۆهرە ئیلاهیان'' ئەندامی کۆمیسیۆنی ئەمنییەتی میللیی مەجلیسی ڕێژیمی ئێران لە وتووێژێکدا وتبووی، دەوڵەت دەبێ ئامادەکارییەکانی هاتنە دەرەوە لە پرۆتۆکۆلی پەیوەستکراو ئەنجام بدات و مەجلیس، ناوەندە پێوەندیدارەکان بۆ بەڕێوەبردنی ئەو کارە بانگهێشت دەکات.