کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێران/ بڵاوکردنەوەی تەرحێک لە دەستی "خامنەیی" بووە هۆی داخستنی ڕۆژنامەیەک

10:39 - 18 خەزەڵوەر 2721

ڕۆژنامەی "کلید" کە لە ئێران دەردەچێت، بابەتێکی لەبارەی هەژاری بڵاو کردووەتەوە و بۆ ئەم بابەتە لە تەرحی دەستی "خامنەیی" کەڵکی وەرگرتووە کە بووەتە هۆی داخستنی نووسینگەی ئەم ڕۆژنامەیە.

لێژنەی چاوەدێری بەسەر چاپەمەنییەکانی ئێران مۆڵەتی بڵاوکردنەوەی ڕۆژنامەی "کلید"ی هەڵوەشاندەوە و ئاماژەیان بە هۆکاری ئەم کارە نەکردووە؛ هەندێک سەرچاوە باس لەوە دەکەن کە ئەم ڕۆژنامەیە بەهۆی کەڵکوەرگرتن لە تەرحی دەستی "خامنەیی" کە پێشتر لە میدیایەکی بیانیدا بڵاو کراوەتەوە، داخراوە.

ڕێکەوتی ١٥ی خەزەڵوەر، ڕۆژنامەی "کلید" لە ڕاپۆرتێک لەبارەی بەرزبوونەوەی تێچووی بژێویی ژیان لە ئێران و بە سەردێڕی "ملیۆنان بنەماڵەی ئێرانی لەژێر هێڵی هەژاریدان"، لە تەرحێک کەڵکی وەرگرتووە کە لەودا دەستی ڕێبەری ڕێژیمی ئێران (خامنەیی) لە حاڵی کێشانی "هێڵی هەژاری" دەرکەوتووە.

بڵاوبوونەوەی ئەم تەرحە لە دەستی "خامنەیی" بە مەبەستی پیشاندانی ڕۆڵی ناوبراوە لە هەژاریی خەڵکی ئێراندا.

ڕۆژنامەی "کلید" لە بانەمەڕی ١٣٩٤ی هەتاوییەوە بڵاو دەکرێتەوە و خاوەنەکەشی "ڕێکخراوی نێونەتەوەیی فەرهەنگی و پەروەردەیی ڕێگای ئیمامـ"ـە.