کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئێسرائیل هێرشی کردەوە سەر سپای تێرۆریستی پاسدارانی ڕێژیمی ئێران

10:31 - 9 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: ئێسرائیل بە شێوەیەی بەربڵاو و چڕوپڕ هێرشی کردووەتە سەر شاری دەمشق و ناوچەی قەنیترەی سووریه و خەسارێکی بەرچاوی بە هێزەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران گەیاند.

ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ٨ی سەرماوەزی ١٣٩٧ی هەتاوی، فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەرتەشی ئیسرائیل هێرشیان کردەوە سەر هێزەکانی سەر بە ڕێژیمی ئێران لە سووریە و خەساریان پێ گەیاندن.

هەواڵدەریی "سانا" سەر بە ڕێژیمی ئەسەد باسی لەوە کردووە، لەو هێرشەدا فڕۆکەیەکی ئیسرائیلیان خستووەتە خوار، بەڵام لەبارەی وردەکارییەکانی ئەو هەواڵە هیچ زانیارییەکی بڵاو نەکردووەتەوە.

ئەرتەشی ئیسرائیل خرانەخوارەوەی فڕۆکەی شەڕکەری خۆی لە لایەن ڕێژیمی ئەسەدی ڕەت کردەوە.

هاوکات "ڕامی عەبدولڕەحمان" بەڕێوەبەری و چاودێری مافی مرۆڤی سووریه ئاشکرای کردووە، دەنگی چەندین تەقینەوەی بەهێز لە باشووری سووریە و ناوچەی قەنیترەی سووریە بیسراوە کە ئەنباری چەکوچۆڵی حیزبوڵڵای لوبنان و هێزەکانی ئێران لەو شوێنە بوونە.

لە ماوەی ڕابردوودا، ئیسرائیل چەندین جار هێرشی کردووەتە سەر خاکی سووریه و لەو هێرشانەدا چەندین شوێنی نیزامی کە مۆڵگەی هێزەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بوونە، کراونەتە ئامانج و ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی سپای پاسداران کوژرا و بریندار بوون.

ڕێژیمی ئێران بەڵێنی داوە، تۆڵەی ئەو هێرشانەی ئیسرائیل لە کات و دەرفەتی گونجاودا دەکاتەوە.

بەرپرسانی ئیسرائیل، لە جێگیربوونی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران لە سووریە ڕەخنەیان گرتووه و لە دروستبوونی "بەرەیەکی نوێ" بە دژی وڵاتی ئیسرائیل لە گوڵان لە لایەن ئەو ڕێژیمە و حیزبوڵڵاوە نیگەرانی خۆیان دەربڕیوە.