کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەحمەد تەوەکۆلی: ٤٠ ساڵە دەسەڵات بەدەستی تاقمێک نەخوێندەواری ڕووهەڵمالراوەوەیە

11:45 - 13 رەزبەر 2718

کوردستان میدیا: دۆخی شپڕێوی دەسەڵات لە ئێران وای کردووە کە بەرپرسانی نیزیک لە بەیتی ڕێبەریش هاتوونەتە گۆ و بۆ دامرکاندنەوەی ناڕەزایەتییە خەڵکییەکان لەدژی دەسەڵاتداران درووشم دەدەن و هەڵوێست دەگرن.

ئەحمەد تەوەکۆلی نوێنەری پێشووی مەجلیسی ڕێژیم کە هەنووکە سەرۆکی ڕێکخراوی "چاودێری شەفافیەت و دادپەروەری وڵات"ە لە ئاخاوتنێکدا سەبارەت بە بارودۆخی ژیان لە ئێران و دۆخی ئابووریی خەڵک، وتوویەتی: هۆکاری سەرەکی هەموو گەندەڵییەکان لە ئێراندا بریتییە لە پێشێلکردنی مافی کەسانی شیاو و شارەزا و دابەشکردنی دەسەڵات لە نێوان بنەماڵە دەسڕۆیشتووە حکومەتییەکان.

هەروەها وتوویەتی: لە ٤٠ ساڵی ڕابردوودا دەسەڵاتەکان تەنیا بە دەست تاقمێک نەخوێندەواری ڕووهەڵمالراوەوە بووە کە خزم و کوڕەپوور و هاوپۆلییەکانی خۆیان هەڵکێشاوەتە سەر و کردوونیانەتە بەرپرس! "پارتی‌بازی" و بازرگانی کردن بۆ پێشفرۆش کردنی هەڵبژاردنەکان ژانێکی دیکەیە کە ئێستە دەرەنجامەکانی دەبیندرێت.

سەبارەت بە دۆخی شێواوی بازاڕی ئەرزیش کە لە ڕۆژانی ڕابردوودا ئێرانی گرتەوە، ناوبراو وتوویەتی: یەکێک لە گرینگترین هۆکارەکانی ئەو بڵبشێوییە بریتییە لە نەبوونی متمانەی خەڵک بە ڕێژیم و نەبوونی چاودێری تۆکمە.

بۆ سەلماندنی قسەکانیشی ڕایگەیاندووە: بەهۆی بوونی دەسەڵاتە ناپسپۆڕەکان دەبینین کە لە کاتی دەسپێکی تەحریمەکاندا دەوڵەت و بانکی ناوەندی دەس دەکەن بە پێشفرۆش کردنی ٦٢ تۆن زێڕ و ١٨ میلیارد دۆلار کە دەرەنجامەکەی لە کاتی تەحریمەکاندا بووەتە ئەو شپڕێوییەی کە دەبینرێت.

ئەم دانپێدانانە لە کاتێکدایە کە خودی تەوەکۆلی یەکێک لە نیزیکانی بەیتی ڕێبەری ڕێژیمە و بۆ خۆیشی بەشێکە لەو گەندەڵی و ماڵوێرانییانەی کە هەنووکە باڵی بەسەر وڵاتدا کێشاوە؛ ناوبراو کوڕەپووری عەلی لاریجانییە، هاوژینەکەی کچەپووری برایانی لاریجانییە و کوڕەکەشی زاوای سادق زیباکەلامە؛ بەم پێیەش بۆخۆی بەشێکە لەو گەندەڵییە بنەماڵەییانە کە ئەمڕۆیان بۆ خەڵکی ئێران بە دیاری هێناوە بەڵام لەرزینی کۆڵەکەکانی دەسەڵاتی تاران ئێستا ناوبراوی هێناوەتە سەر ئەو بڕوایە کە گەندەڵی هەیە.