کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەحمەد قازی کۆچی دوایی کرد

22:56 - 17 جۆزەردان 2715

کوردستان میدیا: ئەحمەد قازی، نووسەر، وەرگێڕ و رۆژنامەنووسی بەناوبانگی کوردی خەڵکی کوردستانی رۆژهەڵات بە هۆی نەخۆشییەوە کۆچی دوایی کرد.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، رۆژی یەکشەممە رێکەوتی ١٧ی جۆزەردانی ساڵی ١٣٩٤ی هەتاوی، ئەحمەد قازی نووسەر، وەرگێڕ و رۆژنامەنووسی بەناوبانگی کوردی خەڵکی گوندی قازی ئاوای سەر بە شاری مەهاباد لە تەمەنی ٧٩ ساڵیدا بە هۆی نەخۆشییەوە لە نەخۆشخانەی ئازادیی تاران کۆچی دوایی کرد.

ئەحمەد قازی لە دایک بووی ساڵی ١٣١٥ی هەتاوی و کوڕی کەریم (ئامۆزای پێشەوا قازی محەممەد، یەکەم سەرکۆماری کوردستان) و هاجەرە خاتوون بوو.

ئەحمەد قازی خوێندنی سەرەتایی و ناوەندی لە مەهاباد تەواو کردووە و پاشان لە زانکۆی تاران بڕوانامەی لیسانسی لە بەشی زمانی ئینگلیزی وەرگرتووە.

ئەحمەد قازی ساڵی ١٣٤٦ی هەتاوی بەهۆی پێوەندیی لەگەڵ حیزبی دێموکرات لەلایەن رێژیمی دەسەڵاتداری ئەو کاتی ئێرانەوە دەستبەسەر و بە ٤ ساڵ زیندانی مەحکووم دەکرێت و بۆ ماوی دوو ساڵ لە زیندانەکانی رێژێمدا بووە.

ئەم نووسەر و رۆژنامەنووسە بەناوبانگە کوردە، لە دۆستانی نزیکی دوکتور سەعید شەرەفکەندی، سکرتێری پێشووی حیزبی دێموکرات وتەبێژی شاندی دانوستانەکانی حیزبی دێموکراتی کوردستان ئێران لە ساڵی ١٣٥٨ی هەتاوی لە سەفەری ئەو شاندە بۆ تاران بووە.

هەروەها، پاش شۆڕشی گەلانی ئێران و هێرشی رێژێمی ئێران بۆ کوردستان، کاک ئەحمەد قازی لەگەڵ کۆمەڵێک لە هاوڕیێانی لە کۆمیتە شارستانی مهاباد لە ساڵەکانی ٥٩ و ٦٠ی هەتاوی لەشار هاتنە دەر و سەرقاڵی کار لە بەشی راگەیاندن و چاپەمەنی لەو کۆمیتەیەدا بوون.
بەپێێ ئەم راپۆرتە و بە وتەی بنەماڵەکەی، ئەحمەد قازی هەتا کاتی شەهید بوونی دوکتور سەعید پەیوەندی بە حیزبی دێموکراتەوە هەبووە.

ئەحمەد قازی کە رۆژنامەنووسی لە رۆژنامەی کوردستانـەوە دەستی پێکردبوو، ساڵی ١٣٦٤ لە ژمارەی ٥ی گۆڤاری سروەدا سەرنوسەر بووە و بۆماوەی ٢٠ ساڵ لە گۆڤاری سروەدا وەکوو سەرنووسەر چالاکی کردووە و وەکوو باوکی رۆژنامەگەری لە رۆژهەڵاتی کوردستان دەناسرێت.

ئەم نووسەر و وەرگێڕە بەناوبانگە کتێبی دۆن‌کیشۆتی لە ئینگلیزییەوە وەرگێڕاوەتە سەر زمانی کوردی و ژانی گەلی لە گەل محەمەد قازی بۆ سەر زمانی فارسی وەرگێڕان کردووە.

ئەحمەد قازی لە ماوەی تەمەنی نووسەری و وەرگێڕی خۆیدا چەندین کتێبی نووسیوە و هەروەها چەندین کتێبیشی لە زمانەکانی دیکەوە وەرگێڕدراوەتە سەر زمانی کوردی و فارسی کە لەوانە دەتوانین ئاماژە بە باقەبین، رێزمان و رێنووسی زمانی کوردی، ژانی گەل و ... هتد بکەین.

حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بۆ لەدەستدانی ئەو کەسایەتیە گەورەیە، وێڕای دەڕبڕینی خەم و پەژارە، سەرەخۆشی خۆی بۆ هەموو ئەندامانی بنەماڵە و ئەدیبان و خەڵکی مهاباد و کوردستان دەردەبڕێ و خۆی بە شەریکی خەمیان دەزانێ.