کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

"ئەحمەد مەسعوود" مەرجی بۆ دانیشتن و ئاشتی لەگەڵ تاڵبان داناوە

11:26 - 10 خەرمانان 2721

"ئەحمەد مەسعوود"، ڕێبەری گرووپی بەرەنگاری دژی تاڵبان لە ناوچەی "پەنجشێر"ی ئەفغانستان لە وتووێژ لەگەڵ بلاڤۆکی "فارێن پالیسی" بڵاوی کردووەتەوە: "ئەگەر تاڵبان حکومەتێکی گشتگیر دامەزرێنێت، دەسەڵات لەنێو هەمووان بە شێوەی یەکسان دابەش بکات، ئازادی و یەکسانی بۆ خەڵکی ئەفغانستان دابین بکات، چالاکییەکانی خۆم دژی ئەو گرووپە ڕادەگرم و پاشەکشە لە سیاسەت دەکەم".

ناوبراو ئاماژەی بەوە کردووە کە هیچ شێوە یارمەتییەکی ماڵی لە دەرەوە وەرناگرێ، بەڵام زۆربەی وڵاتانی ناوچەکە پشتیوانی لە گرووپی تاڵبان دەکەن.

"پەنجشێر" تەنیا ویلایەتێکی ئەفغانستانە کە لەژێر کۆنترۆڵی تاڵباندا نییە و هێزەکانی دژبەری تاڵبان بە ڕێبەریی "ئەحمەد مەسعوود" لەو ویلایەتەدا دژی تاڵبان بەرگری دەکەن.

"مەسعوود" ئاماژەی بەوە کردووە، ئامانجم وەدیهێنانی ئاشتی و تەبایی لەو وڵاتەیە و هەرگیز ئاشتیی سەپێندراو قبوول ناکەم.

هاوکات "زەبیحوڵڵا موجاهید" وتەبێژی تاڵبان ڕایگەیاندووە کە لەبارەی "پەنجشێر" بەدواداچوون دەکات هەتا ڕێگاچارە بدۆزێتەوە.