کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەرتشی ئیسرائیل: بنکەکانی هێزی قودسی سپای پاسدارانمان لە سووریە کردووەتە ئامانج

11:15 - 28 خەزەڵوەر 2720

ڕێکەوتی ٢٨ی خەزەڵوەری ١٣٩٩ی هەتاوی، ئەرتشی ئیسرائیل لە بەیانییەیەکدا بڵاوی کردووەتەوە: "هێرشمان کردووەتە سەر بنکە و پایەگاکانی هێزی قودسی سپای تێرۆریستی پاسداران لە سووریە".

ئەرتشی ئیسرائیل لەو بەیانییەیەدا ڕایگەیاندووە: "لە دوای دۆزینەوەی ماددەی تەقینەوە لە ناوچە سنوورییەکانی ئیسرائیل و سووریە کە مەبەستیان هێرشکردنە سەر هێزەکانی ئیسرائیل بوو، هێرشمان بۆ سەر هێزەکانی سپای پاسداران دەست پێکرد".

لەو بەیانییەیەدا باس لەوە کراوە، لەو هێرشەدا فڕۆکەکانی ئەرتشی ئیسرائیل ئەنباری چەکوچۆڵ، وێستگەکانی فەرماندەیی، دامودەزگا نیزامییەکان و سامانە مووشەکییەکانی زەوی بە هەوای هێزی قودسی سپای پاسدارانی کردووەتە ئامانج.

دوابەدوای ئەو هێرشە هەواڵدەرییەکانی "سووریە" لە ڕاپۆرتێکدا بڵاویان کردووەتەوە، لەو هێرشەی ئیسرائیلدا سێ چەکدار کوژراون و کەسێکیش بریندار بووە.

ڕۆژی سێشەممە ٢٧ی خەزەڵوەر، هێزە بەرگرییکارەکانی ئیسرائیل چەند بۆمب و ماددەی تەقینەوەیان لە ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ئەو وڵاتە لە بەرزاییەکانی جۆلان دۆزیبووەوە و لەکاریان خستبوو.