کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەرتشی ئیسرائیل بۆ بەرەنگاربوونەوەی ڕێژیمی ئێران و "حیزبوڵلا"ی لوبنان مانۆڕێکی نیزامی بەڕێوە دەبات

10:41 - 11 جۆزەردان 2722

ئەرتشی ئیسرائیل بۆ ئامادەسازیی سەربازەکانی بە ئامانجی بەرەنگاربوونەوە لەگەڵ هەڕەشەکانی ڕێژیمی ئێران و هێزەکانی "حیزبوڵلا"ی لوبنان لە "قێبرێس" خەریکی  بەڕێوەبردنی مانۆڕێکی "نیزامیـ"ـیە.

لەو مانۆڕەدا کە لەگەڵ هێزەکانی گاردی میللیی "قێبرێس" بەڕێوە دەچێت، هێزەکانی ئاسمانی، دەریایی، یەگانی ئەندازیاری، ڕەزمی، هێزەکانی ئەمنییەتی و بەشی سایبێری هاوڕێ لەگەڵ هێزەکانی وشکانیی ئەرتشی ئیسرائیل، گەڵاڵەی چۆنیەتی شەڕ لەگەڵ ڕێژیمی ئێران و گرووپە چەکدارەکانی سەر بەو ڕێژیمە لە ناوچە بەتایبەت "حیزبوڵلا"ی لوبنان دادەڕێژن.

پێگەی هەواڵدەریی " فیلی نیووز"ی سەر بە "قێبرێس" بڵاوی کردووەتەوە کە ئەو مانۆڕە گەورەترین مانۆڕی نیزامیی نێوان ئەو دوو وڵات بووە. هەروەها ئیسرائیل لەو بارەوە ڕایگەیاندووە کە مانۆڕی لەو شێوەیە لە جیهاندا کەم وێنەیە.

بەپێی بڵاوکراوەکانی ئەرتشی ئیسرائیل ئامانج لەو شێوە مانۆڕانە بردنەسەرەوەی ئاستی ئامادەیی هێزەکان و زیادکردنی توانایی ئەوان بۆ بەڕێوەبردنی ئەرکەکانیان لە دڵی ناوچەی دوژمندایە.

ئیسرائیل لە ماوەی مانگی مەیدا کە ناوی "مانگی شەڕ"ی لێ ناوە، خەریکی بەڕێوەبردنی مانۆڕی نیزامیی جۆراوجۆر بووە. ئەو مانۆڕە یەک مانگەیە چەند ڕۆژی دیکە کۆتایی پێ دێت.

هەروەها بەپێی بڵاوکراوەکانی ئەرتشی ئیسرائیل ئامانج لەو مانۆڕانە چۆنیەتیی هێرش بۆ سەر دامەزراوە ژێرزەوینی و بنکە نیزامییەکانی ڕێژیمی ئێرانە.

ئەو مانۆڕە بە دوای ئەوەدا دێت کە دانیشتنەکانی "بەرجام" سەرەڕای درێژەکێشانیان، هیچ ئاکامێکی لێ نەکەوتووەتەوە و ئیسرائیل جارێکی دیکە ڕایگەیاندووە کە ڕێگا نادات کە ئێران ببێتە خاوەن چەکی ناوکی.