کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەرتشی ئیسرائیل هێرشی کردە سەر ٣ بنکەی ئەرتشی سووریە

14:11 - 4 گەلاوێژ 2720

٣ بنکەی نیزامیی ئەرتشی سووریە لەلایەن هێلیکۆپتێرەکانی ئیسرائیلەوە لە باشووری ڕۆژئاوای سووریەدا کرانە ئامانج و لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا هێزەکانی سووریە زیانیان بەرکەوت.

سەرلەبەیانیی ڕۆژی شەممە ٤ی گەلاویژ، ئەرتشی ئیسرائیل بە هێلیکۆپتێر هێرشی کردە سەر ٣ بنکەی نیزامیی ئەرتشی سووریە لە باشووری ڕۆژئاوای سووریە و لە ئەنجامی ئەو هێرشانەدا ٢ کەس بریندار بوون.

ئەو هێرشانە لە کاردانەوە بەرانبەر بە بیستنی دەنگی تەقینەوە لە سنووری هاوبەشی نێوان ئیسرائیل و سووریەدا کە ڕۆژی هەینی ٣ی گەلاوێژ ڕوویدا، ئەنجام دراوە.

هەواڵدەرییەکانی سووریە ڕایانگەیاندبوو کە ئەو تەقینەوەیە لە ئاکامی کاردانەوەی سیستەمی دژەهەوایی سووریە بە یەکێک لە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی ئیسرائیلی بووە.

شرۆڤەکارانی سیاسی و سەربازی باسیان لەوە کردووە کە ناکۆکییەکانی نێوان ئیسرائیل و سووریە تا ئاستێک زۆر بووەتەوە کە گومان دەچێت لە داهاتوودا لەنێوان ئەو دوو وڵاتە شەڕ بێتە ئاراوە.