کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەسەد هەڕەشە لە هێزەکانی ئامریکایی و کورد دەکات

12:52 - 11 جۆزەردان 2718

کوردستان میدیا: سەرکۆماری ڕێژیمی سووریە هەڕەشەی بەرەنگاربوونەوەی سەربازی لە هێزەکانی ئامریکایی و کورد دەکات.

"بەشار ئەسەد"، سەرکۆماری ڕێژیمی سووریە، ڕۆژی پێنجشەممە ڕێکەوتی ١٠ی جۆزەردانی ١٣٩٧ی هەتاوی، لە کاتی وتووێژ لەگەڵ کەناڵی "ڕاشا توودێی"، داوای لە هێزەکانی ئامریکایی کردووە تا خاکی سووریە بەجێبێڵن.

ناوبراو لەو بارەوە وتوویەتی: "ئەگەر ئامریکاییەکان پێیان خۆش نییە کە ئەزموونی داگیرکاری عێراق دووبارە بکەنەوە، باشتر وایە کە لە خاکی سووریە بڕۆنە دەرەوە".

ئەسەد هەروەها وێڕای دەربڕینی ئامادەگیی خۆی بۆ دانیشتن و وتووێژ لەگەڵ کوردەکان و هێزەکانی سووریەی دێموکراتیک، هۆشداری بەو هێزانە داوە، کە لە ئەگەری ڕادەستنەکردنەوەی ناوچەکانی ژێردەسەڵاتیان بە ئەرتەشی سووریە، لەگەڵ هێرشی سەربازیی ئەرتەشی سووریە بەرەوڕوو دەبنەوە.

ناوبراو لەو وتووێژەدا ڕەتی کردووەتەوە کە سپای پاسدارانی ڕێژیمی ئێران لەنێو خاکی سووریەدا بوونی هەبێت و چالاکیی سەربازی بکات، هەروەها ڕایگەیاندووە، کە ئەفسەرە ئێرانییەکان تەنیا کاری موستەشارییان کردووە.

ئەو چەواشەکارییانەی بەشار ئەسەد لەحاڵێکدایه کە لە دەستپێکی شەڕی نێوخۆیی سووریەوە هەتا ئێستا، ڕێژیمی ئێران بە هەموو هێزەوە بەرگری لە بەشار ئەسەد کردووە و بە دەیان بنکەی سەربازیی لەنێو خاکی سووریەدا دامەزراندووە.

حەوتووی ڕابردوو دانیشتنێک لە نێوان بنیامین نێتانیاهوو سەروکوەزیرانی ئیسرئیل و ولادێمیر پوتین سەرکۆماری ڕووسیە، لە کۆشکی کرملینی بەڕێوە چوو، که لەو دانیشتنەدا ناوبراوان لەسەر سێ خاڵ ڕێک کەوتن.

سەرچاوەکانی هەواڵ نزیک بە کرملین باس لەوە دەکەن کە ڕێبەرانی ئەو دوو وڵاتە ڕێک کەوتوون کە: " هەموو هێزە دەرەکییەکان و هەروەها هێزەکانی ئێرانی و میلیشیاکانی سەر بە سپای قودسی ڕێژیمی ئێران ناوچەکانی باشووری سووریە چۆڵ بکەن و کۆنتڕۆڵی ئەو ناوچانە بدرێتە دەست هێزەکانی بەشار ئەسەد".