کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەفغانستانی تاڵیبان و ئێران

18:25 - 31 خەرمانان 2721

بەختیار عوسمانی

هۆکاری ئەوەی ئامریکا و ناتۆ لە ٢٠٠١دا پەلاماری ڕێژیمەکەی تاڵیبانیان دا و پەڕیوەی شاخ و ئەشکەوتەکانی ئەفغانستان و بەشێکیشیان لە پاکستان گیرسانەوە، بوونی ڕێکخراوی تیرۆریستی ئیسلامی ئەلقاعیدە بە ڕێبەری ئوسامە بن لادن بوو، نەک چەقبەستوویی بیروباوەڕی ڕێژیمەکەی مەلا عومەر.

هەموومان دەزانین لە ژێر سێبەری دەوڵەتی کابۆل، بن لادن پیلانی بۆ لێدانی تاوەرەکانی ئامریکا دانا و جێبەجێی کرد. دوای ئەوەی ڕێژیمەکەی تاڵیبان ئامادە نەبوو بن لادن و هاودەستەکانی ڕادەستی ئامریکا بکاتەوە، ناچار بوو بە هێرشی نیزامی ڕێژیمی ئەو وڵاتە و ڕێکخراوی ئەلقاعیدە دەرپەڕێنێ، ئەگەرچی کوژرانی ئوسامە تا ساڵی ٢٠١١ درێژەی کێشا، بەڵام ئامریکا نەیتوانی نە ڕێکخراوی ئەلقاعیدە و نە ڕێکخراوی تاڵیبان هەڵبوەشێنێتەوە و بەم دوو ئامانجە نەگەیشت.

ئەو شەڕە ٢٠ ساڵ درێژ بوویەوە و لە ئێستادا بە قەرار شەڕ لەگەڵ تاڵیبان( نەک ئەلقاعیدە) ڕاگیراوە و ڕێککەوتن لە نێوانیان کراوە، ڕێککەوتنێک کە بوو بە هۆی بەئاسانی ڕووخانی کابول و گەڕانەوەی دەسەڵاتی تاڵیبان بۆ پێتەخت، بەڵام شەڕی ئامریکا لەگەڵ ڕێکخراوی تیرۆریستی ئەلقاعیدە هەر بەردەوامە.

گرنگە بزانین کە پێوەندی ئەفغانستانی تاڵیبان و کۆماری ئیسلامی چۆن دەبێ؟

 ناکۆکی تاڵیبانی سوننی لەگەڵ دەسەڵاتی شیعی ئێران چ لە سەرەتاوە و چ لە ئێستادا بەرچاوە و دەکرێ بەسەر دوو قۆناخدا دابەش بکرێ:

یەکەم: هاتنەسەرکاری تاڵیبان لە ١٩٩٦ تا دەرپەڕاندنی لە کابول لە ٢٠٠١.

دووهەم: لە گیرسانەوەی تاڵیبان لە شاخ و ئەشکەوتەکان تا کشانەوەی ئامریکا لە ٢٠٢١/٨.

 لە ڕووی بیروباوەڕی ئیسلامی و ڕوانگەیان لەسەر ئایینی شیعی چ لە قۆناخی یەکەم و چ لە قۆناخی دووهەمدا ئاڵوگۆڕێکی بەسەردا نەهاتووە، لەو بوارەیشدا ئامادە نین وەک ئایین دان بە شێعەکاندا بنێن، لە حکوومەتە کاتییەکەیشیاندا ئەوەیان ڕەچاو نەکردووە.

لە قۆناخی یەکەمدا تاڵیبان بە کوشتاری شێعەکان و کوشتنی چەندین کەس لە کاربەدەستانی ئێران لە ئەفغانستان بە ئاشکرا دژایەتی خۆیان لەگەڵ مەزهەب و دەسەڵاتی شیعی ئێران ڕاگەیاند و ئێران دانی بە حکوومەتەکەیان نەنا و لە ٢٠٠١یشدا هاوکاری ئامریکای کرد لە دەرپەڕاندنیان لە کابول؛ ئەمەش دەری دەخات کە دوژمنایەتی ئێران و تاڵیبان تا چ ڕادەیەک بووە کە ئێران ئامادە بوو دەست لەگەڵ شەیتانی گەورە تێکەڵ بکا و لە سنوورەکانی بەدڵخواز قەبووڵی بکات.

لە قۆناخی دووهەمدا دوای ئەوەی شەڕی ئامریکا بە دژی تاڵیبان درێژ دەبێتەوە و درێژەکێشانیشی بە قازانجی خۆی( ئێران) دەزانێ، هاوکارییان دەکا، سەرەتا بە نهێنی و دواتریش بە ئاشکرا لە ڕووی چەک و تەقەمەنی و لەم دواییانەشدا بە دیپلۆماسی یارمەتیدەریان بوو، بە چەشنێک دوای کوژرانی قاسم سولەیمانی، تاڵیبان لە بەیاننامەیەکدا بەداخبوون و هاوخەمی خۆی دەربڕی و کردەوەکەی ئامریکای مەحکووم کرد و وەک شەهید ناویان هێنا! سولەیمانییەک کە هەوڵی دەدا هیلالی شیعی درووست بکات لە بەرانبەر سوننە و دەوڵەتەکانی، ئەمەش دەری دەخات کە لەم بڕگەیەدا پێوەندی و هاوکاری ئێران و تاڵیبان لەسەر بنەمای دژایەتی ئامریکا بوو.

ئێستا ئامریکا لەو وڵاتە هاتووەتەدەر و بەفەرمی شەڕکردنی ڕاگرتووە و تەنانەت بەڵێنی ئەوەیشی لێ وەرگرتوون کە لە ئەفغانستانەوە هەڕەشە لە ئامریکا و بەرژەوەندییەکانی نەکرێ، ئێران لە تاوتوێی ئەوەدایە کە پێوەندییەکانی لەگەڵ تاڵیبان چۆن ڕێک بخاتەوە، سیاسەتیان لەو بوارەدا ناڕوونە، هەرچی ناوەندە ئایینییەکانە حەزیان لەو پێوەندییە نییە.

 لەلایەکی دیکەشەوە سپای قودس و دەوڵەتییەکان خوازیاری پێوەندی ئەرێنین لەگەڵیان و قائانی ڕایگەیاندووە کە ئەوان شەڕیان ناکەن، دیارە ئەم قسەیەش مەرج نییە بە مانای دۆستایەتی بێ، ڕەنگە ئێران بۆ ئەوەی جێگای چەکدارانی فاتمیوون لە ئەفغانستان بکاتەوە پێویستی بە خۆڕێکخستن بێ نەک دژایەتی کردن، لە هەمانکاتیشدا بە سەقامگیری دەسەڵاتەکەی دڵخۆش نین، بۆیە پشتیوانی بەرەی بەرگری دووهەم لە پەنجشیر دەکا و ناڕەزایەتی بەبۆنەی کوژراوەکانی دەردەبڕێ و لەو بوارەدا تانە لە پاکستان دەدا.

ئەو لە ئەفغانستان خوازیاری حکوومەتێکی فرەلایەن و نەگۆڕینی یاسای بنەڕەتییە و زۆر باسی ئەوە دەکات کە نابێ دەستێوەردان لەو وڵاتەدا بکرێ، لە بەر ئەوەی بۆ خۆی توانای کەمی هەیە و ناتوانێ وەک عێراق، لوبنان، فەلەستین و … دەستی درێژ بکاتەوە، چوونکە تاڵیبان تاقەتی دانبەخۆداگرتنی لە بەرامبەر شێعەدا نییە و ئێرانیش بە ئاسانی ناتوانێ کارتی شێعە یان فارسی زمانەکان بەکار بێنێ بۆیە دەیهەوێ تاڵیبان، حکوومەتێکی چەندقەومی و فەرهەنگی درووست بکات، بەڵام ئەم بیرۆکەیە هەر زوو لەلایەن ئەوانەوە ڕەدکرایەوە. دژی دەستێوەردانەکانی پاکستانە، بەڵام لە ئاست کردەوەکانی قەتەری، ڕکابەری سعوودیە و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی ئەگەر نەڵێین خۆشحاڵە، بێدەنگە.

تاڵیبان بە دیاریکردنی دەوحە وەک ناوەندی سیاسی و دیپلۆماسییان پشتیان لە دۆستە کۆنەکانیان (عەرەبستان و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی) کرد، ئەمەش پاڵنەرێکە بۆ نزیکبوونەوەی ئێران لەگەڵیان، دەبێ ئەوش بزانین کە ئەوان ناکەونە بەرەی دژ بە عەرەبستان، چوونکە لە هەر حاڵەتێکدا ئەو وڵاتە بە نزیکتر لە خۆیان دەزانن لە ئێران.

ئێران و وڵاتانی دونیا چاوەڕوانن بزانن حوکمی تاڵبان چۆنە؟

ئێران جارێ هەر بالۆرەی ئەوە لێدەدا کە ئامریکا شکستی خواردووە و خەون بەوەوە دەبینێ لە وڵاتانی دیکەیش هاوشێوەی ئەفغانستان ڕوو بداتەوە وەک ئەوەی لە ڕووخاندنی حکوومەتەکەی غەنی دەسکەوتی بوو بێ!، بەشێک لە وڵاتان، سیاسییەکان و ناوەندەکانی توێژینەوە پێیان وایە ڕێککەوتنی دەوحە لایەنی شاراوەیشی هەیە، کە زیانی بۆ ئێران و چین و تا ڕادەیەکیش ڕووسیە دەبێ.

جارێ زووە بڕیار لەسەر سەقامگیری ئەفغانستان بدرێ، چوونکە ئەگەری سەرهەڵدان، پەرەسەندنی ناڕەزایەتی وەک پەنجشیر و خۆدەرخستنی ڕێکخراوەکانی وەک ئەلقاعیدە و داعش و تەنانەت کێشە نێوخۆییەکانی تاڵیبانیش زۆر و پێشبینی کراوە و هەڵسوکەوتی ئەوکاتی لەگەڵ ئێستای جیاواز دەبێ.

ئێران هەوڵ دەدا ئەفغانستان لە بواری ئابوورییەوە بەستراوە بێ بە تاران و چاو لەدەستیان بێ و لە بەرامبەردا ئەوانیش ئاوی وڵاتەکەیان بۆ بەربدەنەوە.

ئەفغانستانیش تووشی ململانێی نێودەوڵەتی و لەویش گرنگتر ناوچەیی دەبێتەوە، ڕووسیە ئێستا زیاتر هەست بە مەترسی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان دەکات، حکوومەتی پاکستان وەک نزیکترین حکوومەت لە تاڵبان دەیهەوێ پاداشتی ئەو یارمەتییانە وەربگرێتەوە کە چەند ساڵە پێشکەشی کردووە و دەستی وڵاتی هێند کورت بکاتەوە، وڵاتی قەتەر و تورکیەش، بەتایبەت قەتەر، دەیانهەوێ وەک وڵاتی لاگیری خۆیان چاوی لێ بکەن.

ڕۆژئاواش پەلەی نییە بۆ پێوەندیگرتن لەگەڵ تاڵیبان، چوونکە لە کۆتاییدا ئەوان پێویستیان بە ڕۆژاوایە بەتایبەت ئامریکا! عەرەبستان و ئیماراتی یەکگرتووی عەرەبی و … زیاتر چاوەڕوانن و کار بۆ ئەوە دەکەن کە تاڵیبان ناچار بێ ئاوڕیان لێ بداتەوە، بەتایبەت ئەم وڵاتانە خاوەن پێگە و گوتارێکی ئابووری و ئیسلامی گرنگن.

هەریەک دەیانهەوێ حکوومەتی تاڵیبان بە شێوەیەک بێ کە زیانی بۆ بەرژەوەندییەکانیان نەبێ و دەتوانن داخوازی خۆیان بەسەریدا بسەپێنن، بەڵام ئێران هەر بەوەندە تاڵیبان دژایەتیان نەکات قەناعەت دێنن، یان باشترە بڵێم ناچارن.

لە کۆتاییدا ئێران لەگرتنە دەستی دەسەڵاتی تاڵیبان لە ئەفغانستان، دەسکەوتێکی دەست ناکەوێ و ئەگەر جاران بە بیانووی بوونی ئامریکا، چەواشەکاری دەکرد ئەوا ئێستە ئەو کارتی پرۆپاگاندەی لە دەستدا نەماوە و ناتوانێ سرنجی جەماوەری ئەو وڵاتە بۆ لای خۆیان ڕابکێشێ، ئەگەر هێندێک کەس پێیان وایە بە چەکدارانی فاتمیوون دەتوانن لەو وڵاتە جووڵە بکەن پێموایە هەڵەیە، چوونکە دەسەڵاتی نوێی کابول بە توندترین شێوە سەرکووتیان دەکات و دەرفەتی خۆڕێکخستنیان پێ نادات.

ناوەڕۆکی ئەم بابەتە را و تێبینیی نووسەرە و ماڵپەڕی کوردستان میدیا لێی بەرپرسیار نییە.