![](/content/upload/1/news/49357_w920.jpg)
ڕاپۆرتێک لە ڕۆژنامەی "جمهوریی ئیسلامی" لە ژێر ناوی "بۆ ڕووبەڕووبوونەوە دژی گرووپی تێرۆریستیی تاڵبان حەشدی شیعی لە ئەفغانستان ڕاپەڕی" بڵاو کراوەتەوە کە دژکردەوەی توندی بەرپرسانی ئەفغانستان و خەڵکی ئەو وڵاتەی لێ کەوتووەتەوە.
لە دوای بڵاوبوونەوەی ئەو ڕاپۆرتە، خەڵکی ئەفغانستان لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ڕەخنەیان لە دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران بەنیسبەت ئەو بابەتە گرت و بە هەشتەگی "همسایە شیطنت نکن" ڕێژیمی ئێرانیان مەحکووم کرد.
شا "حوسین مورتەزەوی" ڕاوێژکاری باڵای سەرکۆماری ئەفغانستان لە لاپەڕەی تویتێری خۆیدا نووسیویەتی: "ئاژاوە گێڕان قەدەغەیە".
ناوبراو لە درێژەدا نووسیویەتی، کۆماری ئیسلامیی ئێران لەلایەک ڕووی دزێوی تاڵبان دەشارێتەوە و لەلایەکی دیکە بەدوای ئاژاوەگێڕانه، بەڵام ئەفغانستان ئیزن نادات ئەزموونی سووریە، یەمەن، عێراق و لوبنان لەو وڵاتە دووپات بێتەوە و پیلانی ڕێژیمی ئیران بە ئاکام ناگات.
"عەلی خامنەیی" دوو ڕۆژ پێش وتبووی: "ئەو گرووپانەی لە لوبنان، سووریە، لیبی و عێراق دژ بە ئامریکا شەڕ دەکەن، گرێدراو و لەژێر چاوەدێری و لەخزمەت ئێمەدا نین، بەڵکوو ئەوان توخمی باوەرمەند بە ئیسلام و سەربەخۆن".