کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەلکازمی: بەغدا لەنێوان ئێران و ئامریکا ڕۆڵی نامەبەر ناگێڕێت

13:16 - 28 گەلاوێژ 2720

سەرۆک وەزیرانی عێراق لە وتووێژێک لەگەڵ هەواڵدەریی ''ئاسۆشێتد پرێس'' باسی لەوە کردووە کە عێراق هەروا پێویستی بە یارمەتی و هاوکاری هەیە؛ ناوبراو لە بابەت ڕاگواستنی پەیام لەنێوان بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران و ئامریکا وتبووی کە بەغدا ڕۆڵی نامەبەر ناگیڕێت.

''مستەفا ئەلکازمی'' سەرۆک وەزیرانی عێراق کە لە ماوەکانی ڕابردوودا لەگەڵ ڕێبەرانی ڕێژیمی ئیسلامیی ئێران چاوپێکەوتنی هەبوو، دەیەوێت سەردانی ئامریکا بکات و لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە وتووێژ بکات.

ئەلکازمی لەم وتووێژەدا جەختی کردووەتەوە کە بەغدا بە شێوەی ناڕاستەوخۆ لە بواری نیزامی بۆ بەرەنگاری لەگەڵ هەڕەشەکانی داعش پێویستی بە هاوکاریی ئامریکا هەیە.

ڕێژیمی ئێران لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا لە ڕێگای گرووپە میلیشیاکان و هەندێک لە کەسایەتییە شیعەکانی ئەو وڵاتە و هەروەها تەرخانکردنی پارەیەکی زۆر نەفووزی خۆی لە عێراق پەرە پێداوە و بەهۆی دەستێوردانەکانی، دۆخی ئەو وڵاتەی بەرەو ئاڵۆزی بردووە.

هەروەها دەستێوەردانەکانی ڕێژیمی ئێران لە عێراق، مەترسیی بۆ سەر بەرژەوندییەکانی ئامریکا لەو وڵاتە دروست کردووە و ئەمە گرژییەکانی ئەو دوو وڵاتەی لە عێراق پەرە پێداوە کە لەسەر سەقامگیریی ئەو وڵاتە کاریگەریی داناوە.

''مستەفا ئەلکازمی'' لە مانگی بانەمەڕی ٩٨ی هەتاوی لە گەرمەی گرژییەکان و قەیرانە نێوخۆییەکانی عێراقدا بوو بە سەرۆک وەزیرانی ئەو وڵاتە.

ناوبراو لە وڵامی پرسیاری "ئاسۆشێتد پرێس" کە ئایا پەیامەکانی ئێران و ئامریکا بۆ یەکتر ڕادەگوازێت وتبووی: "ئێمە لە عێراق ڕۆڵی نامەبەر ناگێڕین''.