کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمبارێکی گەورەی پاشماوە لە گەڕەکی "پشتەپـ"ـی سەر بە مەهاباد ئاگری گرت و زیانی لێ کەوتەوە

13:07 - 25 خاکەلێوه 2722

ڕۆژی چوارشەممە ٢٤ی خاکەلێوە ئەمبارێکی گەورەی پاشماوە لە گەڕەکی "پشتەپـ"ـی سەر بە شاری مەهاباد ئاگری گرت و زیان و خەسارەتێکی زۆری لێ کەوتەوە.

بەهۆی درەنگگەیشتنی تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و نەبوونی خزمەتگوزاریی پێویست و هاتنی با، ئاگرەکە لە ماوەیەکی کەمدا پەرەی سەندووە و ئەمبارەکان بە هەموو کەلوپەلەوە سووتاون و زیان بە چەندین ئەمباردار گەیشتووە.

هاووڵاتییان دەنگی ناڕەزایەتییان بەرز کردووەتەوە و دەڵێن: "دەبێ کارەسات ڕوو بدات و زیان بە خەڵک بگات جا دواتر لایەنە پەیوەندیدارەکان هەندێک وەخۆ دێنەوە".

هاووڵاتییان هەروەها دەڵێن: "ئەو بەرپرسانەی کە لە کاتی هەڵبژاردنەکاندا گوێی خەڵک بە پڕوپاگەندەکانیان کەڕ دەکەن، لە کاتی ناخۆشیدا لە کوێن؟ بۆچی فریای خەڵک ناکەون؟ کوژاندنەوەی ئاگرەکە هەمووی لە ئەستۆی خەڵک بوو، بەڵام دڵنیان کە بەرپرسان دێن و بە کێشانی وێنە کوژاندنەوەی ئاگرەکە بە قازانجی خۆیان تەواو دەکەن".

دەوترێت کە ئەو ئەمبارە کار و کەسابەتی زۆر کەسی دابین کردووە و بژێویی ژیانی زۆر کەس لەسەر فرۆشی کەلوپەلی ئەو ئەمبارە بەڕێوە چووە.

ڕووداوەکە زیانی گیانیی لێ نەکەوتووەتەوە، بەڵام زیانی ماڵیی زۆری بۆ ئەمباردارەکان بە دواوە بووە.