کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا پرسی دەرکردنی ئاغازادەکانی ڕێژیمی ئێران لەو وڵاتە تاوتوێ دەکات

16:46 - 21 سەرماوەز 2718

کوردستان میدیا: ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ڕایگەیاند، لە سەر داوای خەڵکانی ئێران پرسی دەرکردنی ئاغازادەکانی ڕێژیم لەو وڵاتە تاوتوێ دەکات.

برایان هووک نوێنەری تایبەت بە کاروباری ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، لە پەیامێکی ڤیدیۆیدا کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی یوتیووب و تویتێری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بڵاو کراوەتەوە، ڕایگەیاند؛ لە سەر داوای خەڵکانی ئێران، لە ئێستادا سەرقاڵی تاوتوێ کردنی پرسی دەرکردنی ئاغازادەکانی ڕێژیمی ئێرانین کە ویزای ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکایان پێیە.

برایان هووک، لە بەشێکی قسەکانیدا وێڕای ئاماژەدان بەو پرسیارەی کە خەڵکانی ئێران لە خۆپیشاندانەکان، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، بابەت و وتارەکانیاندا بەرەوڕووی حکوومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان ورووژاندوویانە کە بۆچی ئەمریکا ویزای بنەماڵە و ئاغازادەکانی بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران کە خاوەنی ویزای ئەو وڵاتەن هەڵناوەشێنێتەوە یان لەو وڵاتە دەرناکرێن؟، ڕایگەیاند: "من ئێستا ناتوانم بە ڕاشکاوانە لە سەر دۆسیەی ئەو کەسانە یان وتووێژەکانمان لە سەر سیاسەتی ناوخۆیی وڵاتەکەمان قسە بکەم، بەڵام ئێمە پێتان ڕادەگەیەنین کە سەرقاڵی تاوتوێ کردنی ئەو پرسەین".

نوێنەری تایبەت بە کاروباری ئێران لە وەزارەتی دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکان، دروشمەکانی ڕێژیم و بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران ڕووبە ئەمریکای بە ڕیاکارانە ڕاگەیاند و وتی: "لە کاتێکدا بەرپرسانی ڕێژیمی ئێران دروشمی مەرگ و نەمان بۆ ئەمریکا دەڵێنەوە کە بنەماڵەکانی خۆیان بۆ وڵاتی بە ناو دەنێرن تاکوو بە کەڵکوەرگرتن لە داهات و پارەی خەڵکانی ئێران، لە ئەمریکا درێژە بە ژیان و خوێندن بدەن".

ئەو بەرپرسەی ئەمریکا لە کۆتایی پەیامەکەیدا جەختی لە سەر پاڵپشتییەکانی حکوومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە خەڵکانی ناڕازی ئێران کردەوە و ڕایشیگەیاند، ئێمە دڵنیاتان دەکەینەوە کە هەموو شێوە گوشارێک بەرانبەر بەو کەسە ڕیاکارانەی حکوومەتەکەتان بەکار ئەهێنین تاکوو هەڵسوکەوتەکانیان بگۆڕن.