کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمریکا/ ناوەندێکی بازرگانی میوانداریەتی شاندێکی حیزبی دێموکرات و سەرۆکی هەرێمی کوردستانی کرد

17:33 - 17 بانەمەڕ 2715

کوردستان میدیا: ژووری بازرگانی ئەمریکا کە کۆڕێکی تایبەتی بۆ مەسعوود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان رێکخستبوو، بانگهێشتی نوێنەرانی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێرانیشی لەو وڵاتە بۆ کۆڕەکە کردووە.

بەپێی راپۆرتی ماڵپەڕی کوردستان میدیا، شاندێکی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات لە ئەمریکا بە سەرپەرەستی جەماڵ عەبدوڵڵازادە بەرپرسی کۆمیتە بەشداریی لە کۆڕی ژووری بازرگانی ئەمریکا ـ واشینگتۆن کە بۆ سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێکهاتبوو، کردووە.
لەو کۆڕەدا کە بە هاوکاری نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئەنجومەنی بازرگانی کوردستان و ئەمریکا رێکخرابوو، سەرۆکی هەرێمی کوردستان باسی لە چاوپێکەوتنەکانی لەگەڵ بەرپرسانی باڵای ئەو وڵاتە کردووە.

بارزانی لەو کۆڕەدا ئاماژەی بە رۆڵی پێشمەرگە لەشەڕی دژی تیروریستان و داعش داوە و ئەرک و رۆڵی پێشمەرگەی بەرز نرخاندووە.

لە کۆڕەکەدا چەندین کەسایەتی ناوداری بیانی و کورد بەشدار بوون. شاندی حیزبی دێموکرات لەمیانەی کۆبوونەوەکەدا لەگەڵ ژمارەیەک کەسایەتی و نوێنەر و ئەندامانی لایەنە کوردییەکان چاوپێکەوتنیان ئەنجام داوە.

ئەو شاندە لەچاوپێکەوتنەکانیدا، لەگەڵ تێد کرووز سێناتۆڕی ئەمریکایی دانیشتنیان هەبووە و هەڵوێستەکانی ئەو سیاسەتمەدارەییان لەبارەی دانوستانە ناوکییەکانی ئێران و وڵاتانی رۆژئاوا بەرز نرخاندووە.
سێناتۆڕ تێد کرووز یەکێک لەو کەسانەیە کە بەربژێری پۆستی داهاتووی سەر کۆماریی ئەمریکایە.

لەو دانیشتن و کۆڕ و کۆبوونەوانەدا ئاڕەش ساڵح نوێنەری حیزبی دێموکرات لەئەمریکا، سەیران شەڕەفی بەرپرسی کۆمیتەی یەکیەتی ژنان لەو وڵاتە و بڕوا سەفدەریش ئەندامی کۆمیتەی حیزبی دێموکرات ـ ئەمریکا بەشدار بوون.