کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەمساڵ تەونی فەڕشی دەستچن لە شاری "مەهاباد" ٢٥ لەسەد کەمی کردووە

11:29 - 17 بەفرانبار 2721

ڕۆژی پێنجشەممە ١٦ی بەفرانبار "چیا قوربانیی ئەقدەم" سەرۆکی یەکیەتیی تەونی فەڕشی شاری مەهاباد وتوویەتی: "ئەمساڵ ٤ هەزار و ٥٠٠ میتری چوار گۆشە فەڕشی دەستچن لەو شارە بەرهەم هاتووە کە لەچاو ماوەی وێکچووی ساڵی ڕابردوو ٢٥ لەسەد دابەزین پێشان دەدات".

"قوربانیی ئەقدەم" هۆکاری دابەزینی ڕێژەی تەونی لە "مەهاباد" بۆ کەمیی هەناردەکردن و بەربەستەکان هەروەها بەڕێوەنەچوونی پێشانگای نێوخۆیی و پەرەسەندنی پەتای کۆرۆنا گەڕاندەوە.

جۆرەکانی "تابلۆ فەڕش، فەڕشی ئەفشار و درشت چنی ئەفشار" گرینگترین بەرهەمی فەڕش لە "مەهاباد"ن، کە بە ڕیز ٤٠، ٢٥و ٣٥ لەسەد بەرهەمی فەڕشی ئەو شارە پێک دەهێنن.

ناوبانگی فەڕشی ئەو ناوچەیە لە بواری جوانی، نەخش و باشیی کەرەستە لە جیهاندا کەم وێنەیە و فەڕشی دەستچنی ئەو ناوچەیە بەهۆی ئەوەی لە ڕابردوو هەتا ئێستا جێگە و پێگەیەکی تایبەتی هەبووە دەتوانێ لە ڕاستای گەشەی هەناردەکردن لە ناوچەکەدا ڕۆڵێکی گرنگی هەبێت.

پارێزگای "ورمێ" یەکێک لە جەمسەرە گرینگەکانی فەڕشی دەستچن لە کوردستان و ئێرانە و ساڵانە نزیک بە ٢٩٠ هەزار میتری چوارگۆشە فەڕشی جۆراوجۆر بەرهەم دێت کە شارەکانی "ورمێ، خۆی، بۆکان، تیکاب و مەهاباد" زۆرترین تەونی فەڕشیان لەو پارێزگایەدا هەیە.