کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

٧٦ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی حیزبی دێموکرات لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرز و پیرۆز ڕاگیرا

18:59 - 25 گەلاوێژ 2721

بەبۆنەی ٧٦ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزراندنی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە شار و ناوچەکانی کوردستان بە بەڕێوەبردنی چالاکیی بەرینی تەبلیغی ساڵوەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێموکرات و خەباتی ڕوژانی سەخت و دژواری ڕۆڵەکانی گەل و خەباتی حیزبە خۆشەویستەکەیان لەنێو دڵی خەڵکدا زیندووتر کردەوە و بە دوژمنانی گەلی کوردیان سەلماند کە حیزبی دێموکرات هەتا گەیشتن بە ئامانجەکانی دەست لە خەبات هەڵ ناگرێت.

پێشمەرگەکانی شار و ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکرات لە شاری بۆکان بە ڕۆژی ڕووناک بە هاوکاریی لاوان و خەڵک لە زۆربەی مەیدان، پردی هەوایی و شەقامە سەرەکییەکانی شار بە هەڵکردنی ئارمی حیزب و ئاڵای کوردستان و لۆگۆی هێزی پێشمەرگەی کوردستان یادی ٧٦ ساڵەی حیزبی دێموکراتیان بەرز ڕاگرت و ئەمە خۆشحاڵیی خەڵکی بۆکانی لێکەوتەوە.

هەروەها تیمێک لە پێشمەرگەکانی شار لە بۆکان ئاگری ٢٥ی گەلاوێژیان لە کێوی بەردەزەردی بۆکان و شاخی وشتر هەڵدێر نزیک لە حاجی لەک کردەوە و ئاڵای پیرۆزی کوردستان و لۆگۆی حیزبی دێموکراتیان هەڵ کرد کە لە زۆربەی گوندەکانی دەوروبەری دەبیندرا.

هاوکات لە ناوچەی ئاڵەشینی بۆکان لە شارەدێی گامێشگۆلی، قارنجێ سەرێ و ناوچەی پیر محەممەد تراکت و پۆستێر بڵاو کرایەوە و ساڵیادی دامەزرانی حیزبی دێموکرات پیرۆز کرا.

هاوکات لە شاری مەهاباد ڕۆڵە تێکۆشەرەکانی دێموکرات بەبۆنەی ٧٦ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئیران، بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێری تایبەت و هەڵکردنی ئاڵای کوردستان ئەو ڕۆژە پیرۆزەیان بەرز نرخاند و وەفاداریی خۆیان بە حیزبە خۆشەویستەکەیان بۆ جارێکی دیکە دووپات کردەوە. ئەو شوێنانەی کە چالاکیی تێدا کراوە بریتین لە: "گەڕەکی باخی سەفا، مەیدانی ئیستقلال، بەری مەدرەسە، قوتابخانەی حیکمەت، قوتابخانەی شەریفی  و بداق سوڵتان".

لە ناوچەی شاماتی مەهاباد لە گوندەکانی تازەکەند و خێراو، تێکۆشەرانی دێموکرات تراکت و پۆستێری تایبەت بە ٢٥ی گەلاوێژیان بڵاو کردەوە.

هەر بەو بۆنەوە ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە شاری "گوێکتەپە"ی سەر بە مەهاباد  لە شوێنەکانی وەک "شەقامی دوکتور قاسملوو، شەقامی شەهید سمکۆ، باغی پاشا، بەری ئاشی، گەڕەکی خەرمانان، گەڕەکی عەبدوڵڵا جیهان و قەڵاتی گوێکتەپە" چالاکیی تەبلیغییان ئەنجام دا.

هەر بەو بۆنەوە لە سێڕێیانی "میاندواو" پۆلێک لە لاوانی شۆڕشگێڕ بۆ پشتیوانی لە حیزبی دێموکرات چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد و ئاڵای کوردستان و ئارمی حیزبیان هەڵ کرد.

پێشمەرگەکانی شار لە "نەغەده" بە بەڕێوەبردنی چالاکیی بەربڵاوی تەبلیغی یادی دامەزرانی حیزبی دێموکراتیان پیرۆز ڕاگرت و لەنێو شار و لە گەڕەکانی "حاجی خدر، گەڕەکی ٥٣ هێکتاری، گەڕەکی مزگەوتی بیلالی حەبەشی، مەیدانی سیگاران، مەدرەسەی ئێرشاد، گوندەکانی زەلیلان، کامووس، قەڵاتان، دیلانچەرخ، گەڵوان، بایزاوێ، شاوەلە، خەلیفەلیان، مەمەلیان، دەشتی قوڕێ، باڵەخچی، سێڕێیانی مەمەلیان، کانی مام سەیدە و سێڕێیانی سەخزی تەپە" چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

هەروەها ئه‌ندامانی‌ حیزبی دێموکرات له‌ "شنۆ" ‌بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد و دروشمی تایبەت بەو ڕۆژەیان لە دیوارەکان نووسییەوە.

هاوکات لە شاری پیرانشار و لە پەسوێ ئەندامانی دڵسۆزی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە شێوەیەکی بەربڵاو تراکت و پۆستێریان بڵاو کردەوە.

ئەندامانی حیزبی دێموکرات لە شاری سەردەشت بەبۆنەی ٧٦ـەمین ساڵوەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێموکرات، شیرینییان بڵاو کردبووەوە.

لە سنە ئەندامانی قارەمانانی دێموکرات بەبۆنەی ٢٥ی گلاوێژ چالاکیی بەرینی تەبلیغییان بەڕێوە برد و بە دوژمنانیان سەلماند کە حیزبی دێموکرات هەروا پێشەنگی داخوازییەکانی گەلی کوردە. ئەو چالاکییانە لە شوێنەکانی وەک: "گەڕەکی حاجی ئاوا، گەڕەکی زەفەریە، گوڵباخ، شلێر، نایسەر، گەڕەکی غەفوور و شارکی کشاوەرز و هەروەها گوندی ئاساوڵە" بەڕێوە چووە.

لەو چالاکییانەدا پۆستێری تایبەت بە ۲٥ی گەلاوێژ چاپ و بڵاو کرایەوە و لە حاڵێکدا بەڕێوە چووە کە هێزە ئیتلاعاتی و لیباس شەخسییەکان بە ماتۆڕ لە زۆربەی کووچە و کۆڵانەکانی شاری سنەدا بڵاو بوونەتەوە و چاوەدێریی کۆڵان و شەقامەکانیان دەکرد.

هەروەها ڕۆڵە بەجەرگەکانی دێموکرات لە ناوچەی ژاوەرۆی سنە لە گوندەکانی تەنگیسەر، نییەر و تەوریوەر بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێری تایبەت بە ٢٥ی گەلاوێژ چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد.

لە ناوچەی لەیلاخی سنە لە شوینەکانی وەک: "قاملوو، مەعسوم ئاوا، کەبوتەر خانی، سلسلە، لالەی نەبی ئاوا، گردمیران بچووک، شاجۆ، قادرمەرز، شارەدێی باشماخ ، جوامیراوا و  موارک ئاوا" بەبۆنەی ٢٥ی گەلاوێژ چالاکیی بەربڵاوی تەبلیغی بەڕێوە چوو.

هەروەها لە شاری کامیاران ئەندامانی حیزبی دێموکرات لەنێوان گوندەکانی ''تیلەکۆ و مێسووراو" ئاگری ٢٥ی گەلاوێژیان هەڵ کرد و ئەو ڕۆژەیان پیرۆز ڕاگرت.

 لە شاری "مەریوان" ژنانی هەمیشە دێموکرات بە بڵاوکردنەوەی تراکت و پۆستێری تایبەت بە ٢٥ی گەلاوێژ چالاکیی تەبلیغییان بەڕێوە برد و ساڵوەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێموکراتیان پیرۆز ڕاگرت.

لە پارێزگای ئیلام لە شارستانی مەلەکشایی ئەندامانی تێکۆشەری حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەنێو شار و شەقامی سەرەکیی ئەو شارە تراکتی تایبەت بە ٢٥ی گەلاوێژ و ئارمی هێزی پێشمەرگەی کوردستانیان بڵاو کردەوە.

هەر بەو بۆنەوە لە شارۆچکەی ''نوشین شار'' لەنێوان ورمێ و سەڵماس ئەندامانی حیزبی دێموکرات بە نووسینی دروشم ساڵوەگەڕی دامەزرانی حیزبی دێموکراتیان بەرز ڕاگرت.