کوردستان میدیا

ماڵپەڕی ناوەندیی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران

ئەنجومەنی ئەدەبیی مەریوان ڕێوڕەسمێکی بۆ ڕۆژی زمانی دایکی بەڕێوە برد

11:47 - 3 رەشەمه 2718

کوردستان میدیا: بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکییەوە، ئەنجومەنی ئەدەبیی مەریوان، ڕێوڕەسمێکی بەشکۆی بەڕێوە برد.

بەپێی هەواڵی گەیشتوو بە ماڵپەڕی کوردستان میدیا، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی زمانی دایکییەوە، ئەنجومەنی فەرهەنگی ئەدەبیی مەریوان، ڕۆژی چوارشەممە ۱ی ڕەشەمە، سێمینارێک لەژێر ناوی "زمانی کوردی و جیهانی مودێڕن" بۆ دوکتور "بەختیار سەجادی" سەرۆکی بەشی زمان و ئەدەبی کوردیی زانستگەی کوردستان ساز کرد.

سەرەتا پێشکەشکاری سێمینارەکە، "کاک عەتا وەلەدی" بەخێرهاتنی سەرجەم میوانەکانی کرد، دواتر دەقی پەیامی ئەنجومەن، لە لایەن هادی محەممەدیانەوە خوێندرایەوە و پاشان "ئەمین عەزیزی" وتاری یەکیەتیی ڕێکخراوە مەدەنییەکانی مەریوانی بە بۆنەی ڕۆژی جیھانیی زمانی دایکییەوە پێشکەش کرد.

دواتر دوکتور "بەختیار سەجادی"، بابەتەکەی لەسەر زمانی کوردی و جیھانی مودێڕن پێشکەش کرد.

دوای وتارەکەی دوکتور "بەختیار سەجادی"، لە پانێلێکی دوو کەسیدا، کاک "ئارام ساڵحی" لەسەر زمانی کوردی چەند پرسیارێکی ئاراستەی "دوکتۆر بەختیار سەجادی" کرد.

چەند بەڕێزێکیش لە بەشداربووان ئاماژەیان بە چەند خاڵ و بابەتێکی ئەو پانێلە کرد و چەند پرسیارێک ھاتە ئاراوە.

هەروەها چەندین کەسایەتی فەرهەنگی لە بارەی زمانی کوردییەوە لێدوانیان دا.

لە کۆتاییدا بە پێشکەشکردنی سپاسنامە بە دوکتور " بەختیار سەجادی"، لە لایەن  "ئەنوەر ڕەوشەنـ"ـەوە سێمینارەکە کۆتایی پێ هات.